لیژنەیەكی پەرلەمانی بۆ دۆسیەی سكاڵای عێراق لە سەر توركیا پێكهێنرا

20/07/2019
ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق

نەوا
ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ئاشكرایكرد، كە لیژنەیەك بۆ ئەو سكاڵایە پێكهێنراوە كە لەسەردەمی نوری مالیكیدا لەسەر توركیا تۆمار كراوە، دەشڵێت: "توركەكان هەستیان بەوە كردوە كە ئەو سكاڵایە دەدۆڕێنن، بۆیە زۆر بەو لیژنەیە شپرزە بوون".
ئەحمەدی حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردووە: یەكێك لەودۆسیانەی كە هەستیارن كێشەی نیوان عیراق و توركیایە، لە ساڵی 2014 و لە سەردەمی نوری مالیكیدا عیراق سكاڵایەكی لەسەر توركیا لە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی ناسراو بە  (ICC) تۆمار كردوە.
ئاشكراشیكردوە كە عیراق داوای 26 ملیار دۆلار قەرەبوو لە توركیا دەكاتەوە و بۆ بەردەوامیدانیش بەو دۆسیەیە، حسین شەهرستانی لە 26ی نیسانی 2019جا  بانگ كراوە بۆ فەرنسا تا شایەتی بدات.
پەرلەمانتارەكەی لیژنەی دارایی ئاشكراشیكردوە كە بۆ دۆسیەكە لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكهاتووە كە لە ئەندامانی 4 لیژنەی گرنگ پێكدێن، ئەوانیش لێژنەكانی دارایی و دەرەوە و یاسایی و وزەیە، دەشڵێت كە لیژنەی دارایی، خودی ئەحمەدی حاجی رەشیدیان بۆ نوێنەرایەتی لەو لیژنەیەدا دیاریكردوە.
ئەحمەدی حاجی رەشید راشیگەیاندوە:"بەڵگەنامەكان شتی زۆر هەستیاری تێدایەو توركەكان هەستیان بەوە كردوە كە ئەو سكاڵایە دەدۆڕێنن، بۆیە زۆر بەو لیژنەیە شپرزە بوون."
جێی باسە لەساڵی 2014دا عێراق سكاڵای لەدژی حكومەتی توركیا و كۆمپانیای بۆتاشی ئەو وڵاتە تۆمار كردووە بەهۆی رێگەدانیان بەهەناردەكردنی نەوت لەهەرێمی كوردستانەوە، چوونكە پێیوایە،ئەوە پێچەوانەی رێككەوتنی بەغداو ئەنقەرەیە لەبارەی بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group