ترامپ بەردەوامە لە هێرشكردنەسەر خانمە ئەندامەكانی كۆنگرێس

22/07/2019 جیهان

نەوا
دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، جارێكی دیكە چوار خانمە ئەندامی كۆنگرێسی كردەوە ئامانج و دەڵێت "ئەم چوار ئەندامەی كۆنگرێس دەبێت بەهۆی ئەو وتە پڕ رق و كینانەی بەكاریانهێناوە داوای لێبوردن لە ئەمریكا و ئیسرائیل بكەن".
ترامپ لەبارەی ئیلهان عومەری بە رەگەز سۆماڵی و رەشیدە تڵێیبی بە رەگەز فەڵەستینی و ئالێكساندریا ئۆكاسیۆ- كۆرتەز و ئاینا پرێسلی لە تویتەر بابەتی نوێی نوسیوە و دەڵێت "بڕواناكەم ئەم چوار نوێنەرەمان وڵاتەكەمانیان خۆش بوێت. بەهۆی ئەو گوتە پڕ رق و كینەیەی بەكاریانهێناوە دەبێت داوای لێبوردن لە ئەمریكا و (ئیسرائیل) بكەن. راستە زیان بە پارتی دیموكراتخواز دەگەیەنن، بەڵام كەسانی لاواز و بێ متمانە هەرگیز ناتوانن زیان بە میللەتە گەورەكەمان بگەیەنن".
پێشتر ئۆكاسیۆ-كۆرتەز لە تویتەر رایگەیاندبو، پێشتر بۆ باشتركردنی سیستمی تەندروستی، لێخۆشبون لە قەرزی خوێندكاران، جێبەجێكردنی پاراستنی ژینگە، زیادكردنی موچەی كەم و مافەكانی مرۆڤ و لە زۆر بواری تردا كاریان كردوە. كاتێك ئەو كارانە دەكەن یەك فلس لە كۆمپانیاكان وەرناگرن. ترامپیش پارەی چارەسەری زیاد دەكات، بۆ هەڵخەڵەتاندنی خوێندكارانیش، بەتسی دیڤۆس وەزیری پەروەردەی ئەمریكا دەستنیشان دەكات.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group