چەند راسپاردەیەك لە بارەی پێوەری ئاوی ماڵان دەدرێت

22/07/2019

نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی 
دوای چوار كاتژمێر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرجەم بەرێوەبەرەكانی ئاو بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری  گشتی ئاوی هەرێم، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا شەش راسپاردە خرانەڕوو. 
لەو بارەیەوە مەسعود محمد كارەش، بەرێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم رایگەیاند، دانانی پێوەر سیستەمێكی گشتگیرە بۆ سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و پێویستە سەرجەم هاوڵاتیان بیبەستن و بەپێی ئاماری بەرێوەبەری سەرجەم ناوچەكانی كوردستان ئاستی ئاو پێدان باشتر بووە . 
وتیشی، نزیكەی 800 هەزار پێوەری ئاو لە هەرێمی كوردستان دانراون خراپی پێوەرەكان ئەگەڕێتەوە بۆ سێ هۆكار یان بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ كراوە یان پێوەرەكە كێشەی تێدایە یاخود هاوڵاتی خۆی دەست كاری كردووە.
باسی لەوەش كرد، هەر هاوڵاتیەك پێوەری ئاو دەكڕێت دەبێت بیباتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتیەكانی ئاوی ناوچەكەی و بەپێی ئەو مەرجانەی دانراون پاش پشكنین دەتوانێت بیبەستێت. 
ئاماژە بەوەشدرا ئەو هاوڵاتیانەی گازەندەیان هەیە و پارەیەكی زۆریان بۆ هاتۆتەوە پێویستە سەردانی بەرێوەبەرایەتیەكان بكەن لەرێگای لیژنەیەكی پسپۆر چارەسەری كێشەكانیان بۆ دەكرێت و بەهیچ شێوەیەك ئەو برە پارە زۆرەیان لێ وەرناگیرێت . 
لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرجەم فراكسێۆنەكان یاداشتنامەكەیان واژۆ كرد جگە لە فراكسێۆنی گۆڕان نەبێت كە بەبڕوای ئەوان خزمەت بە هاوڵاتیان ناكات و رێبوار ئەحمەد سەرۆكی فراكسێۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پێویستە مانگانە پارەی ئاو بێتەوە بۆ هاوڵاتیان بەڵام ئێستا دوو مانگ جارێك پارەی ئاو دەگەرێتەوە بۆ هاوڵاتی و بۆ هەر مەتر سێجایەك 50 دینار هەتاكو 2 هەزار دینار بە شێوازی پلەبەندی هەژمار دەكرێت،  هاوڵاتیان سوودی لێنابینن چونكە هەر ماڵێك لەسەروو 30 مەتر سێجا ئاو بەكاردێنێت و بەمەش  بەبری دوو هەزار دینار لەسەر هاوڵاتی هەژمار دەكرێت . 
وتیشی، 100 هەزار پێوەر  تێست نەكراوەو بۆیە دیار نیە بە پێی مەرجەكانی ستانداردی ئەڵمانیە یان بە شێوازی چینیەكەیە، كە لەبازاردا دەفرۆشرێت. 
لە یادداشتانەی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا شەش راسپاردە بەرزكرانەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی پێوەری ئاوی ماڵان، كە ئەمانەن: 
1-بەستنی پێوەری ئاو درێژكرایەوە تا 1ی 9ی 2019 و گرفتەكانی چارەسەر دەكرێت و پێوەرە تێكچووەكانیش بگۆڕدرێن.
2- لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەت هەوڵی زیادكردنی كاتی پێدانی ئاو بەهاوڵاتیان بدەن بەتایبەت لەو شوێنانەی كێشەی كەمی ئاویان هەیە.
3-تایبەت بەوەرگرتنی نرخی ئاو ڕەچاوی شێوازی پلە بەندی تەساعودی بكرێت و كە لەپێشتردا نرخی دواجار دەخوێندرایەوە.
4- لایەنە پەیوەندیدارەكان دڵنیایی بدەنە هاوبەشەكانی ئاو كە پارەی پێشەكی وەرگیراو لەجیاتی پێوەرەكە مانگانە لەكرێی ئاو بدرێتەوە هاوڵاتیان
5- پسوڵەی پارە وەرگرتن گۆڕانكاری لەجۆری كاغەزو ناوەڕۆكەكەی بكرێت، بۆئەوەی هاوڵاتیان بزانن چیان بۆ گەڕاوەتەوەو كاتەكەشی تێدابێت.
6- پێویستە لەسەر كۆمپانیاكان بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری ئاوەكان كەسانی شارەزا بۆ كۆكردنەوەی داهات دابنێن نەك خەڵكانێك نەزانن پێوەرەكان بخوێننەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group