"كێشەی هەولێر و بەغدا لەسەر پێشمەرگە پەیوەندی بە سێ خاڵەوە هەیە"

22/07/2019
رێبوار كریم مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق
نەوا
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، هەر دواكەوتنێك لەرێكخستنەوەی پێشمەرگە كاریگەری خراپی دەبێ لەبەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی پێشمەرگە، بەگرنگیشی دەزانێت كابینەی نوێی حكومەت بە زویی ئەو ئەركە ئەنجامبدات.
رێبوار كریم مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند،" ساڵانی رابردودا حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لەپرسی پێشمەرگەدا نەیانتوانیوە رێك بكەون. گرنگترین بابەتی سەرەكی رێكنەكەوتنیش پەیوەندی بە سێ خاڵەوە هەبوە".
رونیشیكردۆتەوە،" خاڵی یەكەم: گرفت لەو ژمارە پێشمەرگەیەی كە لە چوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا جێدەكرێتەوە هەیە، بەردەوام بەغداد ژمارەی كەمی قبوڵ بوە. هەرێمیش ژمارەی زۆری داواكردوە. خاڵی دوەم: گرفت لەپڕچەككردنی پێشمەرگە. بەوپێیەی بەپێی دەستور، پێشمەرگە بەشێكە لەسیستەمی بەرگری عیراق، كەواتە پڕچەككردن و راهێنانیشی دەكەوێتە ئەستۆی ئەو سیستەمە. بەڵام حكومەتی عیراق تا ئێستا لەنزمترین ئاستدا ئەو كارەی ئەنجامداوە. خاڵی سێیەم: موچەی پێشمەرگە كێشەیەكی سەرەكی بوە. تا ئەم ساتەش بەغدا ئامادەنیە موچەی تەواوی پێشمەرگە بدات. ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە دیاریكردنی ژمارەی پێشمەرگەوە هەیە".
سەبارەت بەوەی ئێستا چی بكرێت، ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت،" ئێستا ئیتر كاتی ئەوەیە بەیەكجاری مەلەفی ماف و ئەركی پێشمەرگە لەعێراقدا چارەسەربكرێت. لەمەشدا گرنگە هەرێم بەخێرایی هێزی پێشمەرگە رێكبخاتەوەو لەسەر تەواوی مافەكانی پێشمەرگە رێكبكەوێت. بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر پێدانی مافدا، بەغدا داوای ئەرك لە پێشمەرگە دەكات. دەبێ هەرێم لەسەر ئەركی پێشمەرگەش رێكبكەوێت لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا"  دەشڵێت:"هەر دواكەوتنێك لەرێكخستنەوەی پێشمەرگە كاریگەری خراپی دەبێ لەبەدەستهێنانی مافە دەستورییەكانی پێشمەرگە. گرنگە ئەم كابینەیەی ئێستای حكومەتی هەرێم ئەم ئەركی رێكخستنەوەیە بەزویی ئەنجام بدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group