سلێمانی.. سەمونخانە و نانەواخانەكان ئاگاداردەكرێنەوە

30/07/2019 نەوا-رۆژیار سیروان


قائیمقامییەتی سلێمانی و شاندێكی باڵای وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەری سەمونخانە و نانەواخانەكانی سلێمانی كۆبونەوە و بڕیاردرا زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن بەكاربهێنرێت.
لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بە بەكارهێنانی زەرفی كاغەز لەبری زەرفی نایلۆن لەسەرجەم سەمونخانە و نانەواخانەكانی شاری سلێمانیدا.. ئەم بڕیارە پێشتر لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەركراوە، سەرەتاش لە چێشتخانە و رێستۆرانتەكانەوە دەستمانپێكرد بەتایبەت ئەوانەی خواردنی خێرایان هەیە، هەموومان دەزانین كاغەز دۆستی ژینگەیە و زیانی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان نییە".
وتیشی "مۆڵەتی تەنها 10 رۆژ دانراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، لەم ماوەیەشدا ئەو كۆمپانیایانەی زەرفی كاغەز بەرهەمدەهێنن، دەرفەتیان دەبێت بۆئەوەی بتوانن رێژەی پێویست دابینبكەن و بە نرخێكی نزیك لە نرخی زەرفی نایلۆن دابەشی بكەن، هاووڵاتیانیش دەتوانن لەپاڵ ئەوەدا كیسەی قوماش بەكاربهێنن".
هەروەها قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، پاش كاتی دیاریكراو سەرجەم لیژنەكانی قائیمقامییەت بەدواداچوونی بۆ دەكەن و هەركەسێك سەرپێچی بكات رێكاری یاسایی دژی دەگرنەبەر و داوا لە راگەیاندن و رێكخراوانی كۆمەڵی مەدەنیش كراوە زیانەكانی نایلۆن و مادە پلاستیكیەكان بۆ خەڵك رونبكەنەوە تا دوربكەونەوە لەبەركارهێنانیان.
لەوەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری رادیۆ نەواش، كە دوكانی میوەفرۆشەكان ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە؟ ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی وتی "ئەم پرۆژەیە هەنگاوی یەكەمە و قۆناغ بە قۆناغ رێوشوێنەكان جێبەجێ دەكەین و نەمانویستوە ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەر نرخی نان و سەمون هەبێت لە سلێمانیدا".
رادیۆ نەوا لەگەڵ زانا محەمەد نوێنەری سەمونخانەكانی شاری سلێمانی گفتوگۆیكردو ئەویش لەبارەی بڕیارەكەوە وتی "سەبارەت بە كاغەز بۆ ئێمە كێشەیەكی گەورەمان روبەڕودەبێتەوە، كەسانێك سەمونی زۆر دەبەن و جێگای نابێتەوە، سەرەڕای هەموو ئەمانەش لەئێستادا حكومەتی هەرێم گازمان ناداتێ و باج لەسەرمان كراوە بە دوو هێندە و ئارد و كرێ دوكانیش لە سەرمان گران كراوە، بەجۆرێك هیچ هاوكاریمان ناكەن و لەسەروی ئەمانەشەوە ئەم بڕیارە بۆ ئێمە قورسە، جیاوازی نرخ لەنێوان نایلۆن و كاغەزەكەدا هەیە و پێمان وتراوە 97 زەرفی كاغەزتان دەدەینێ بە دوو هەزار دینار، بەڵام ئێمە نایلۆنەكە 115 دانەی تێدایە بە هەزار و 400 دینار واتە رۆژانە 600 دینار جیاوازییەكەیەتی لەسەر ئێمە".
نوێنەری سەمونخانەكان ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا كارگەی دروستكردنی زەرفی كاغەزەكە نەهێنراوەتە سلێمانی و هەفتەیەكی دیكە دەگات و گوشارێكی زۆریان لەسەرە، لە هیچ شوێنێك نییە بیكڕن و لەبازاڕ نرخی یەك زەرفی كاغەز بە 100دینارە، بۆیە پێشنیارێكیان بۆ قائیمقامییەت كردوە 9 سەمون و زەرفێكی كاغەز بدەن بە هاووڵاتیان بە هەزار دینار و پاش دووەمجار بەگەڕانەوەی زەرفەكە 10 سەمونی دەدەنێ، بەڵام قبوڵیان نەكردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group