لە كوردستان و جیهاندا رێوڕەسمی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان بەڕێوەچو

11/08/2019 نەوا

مەراسیمی نوێژی جەژنی قوربان لە مزگەوتەكانی كوردستان و جیهاندا بەڕێوەچو، پاش كۆتایی وتارەكانی جەژنیش، موسڵمانان گەردن ئازادی و جەژنە پیرۆزەیان لەیەكتر كرد.

 لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە شاری هەولێر، وەك تەواوی مزگەوتەكانی دیكە، رێوڕەسمی نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچو، كە تێیدا، د.بەشیر حەداد پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەكە دوای نوێژ، گوتاری جەژنی خوێندەوە و تیشكی خستەسەر چەند تەوەرێك و ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە لە جەژنی قورباندا دەستكراوەبین بەرامبەر بە هەژار و كەمدەرامەت و هاوكات داواكاریی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شار و شارۆچكەكانی عیراق تەوەرێكی دیكەی گوتارەكەی بوو.
لە مزگەتەكەدا موسڵمانان وێڕای پیرۆزبایی جەژن لە یەكتر، نزایان بۆ كۆتاییهاتنی شەڕ لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كرد.


لەمیانی گوتارەكەیدا، د.بەشیر حەداد ئاماژەی بەوەكرد جەژن هەر سێ رەهەندی مرۆڤایەتی، ئایینی و كۆمەڵایەتیی هەیە و جەختی لەوەكردەوە جەژنی قوربان واتا نزیكبونەوە لە خودا و لێخۆشبوون لە دەوروبەر و یارمەتیدانی خەڵكی هەژار و كەمدەرامەت.
لە بەشێكی پەیامەكەیدا، وتیشی "سەرەتا جەژنە پیرۆزە لە حاجیانی ماڵی خوا دەكەم، كە ئێستا خەریكی فەریزەی حەجن و نوێژی جەژن لەماڵی خودا دەكەن، جەژنە پیرۆزە لە هەموو ئەوانە دەكەم كە ئێستا چونەتە مزگەوتەكان و داوای لێخوشبون دەكەن، بێگومان جەژنی قوربان واتا نزیكبونەوە لە خودا، دەبێت كارێك بكەین نزیك لە خودا ببینەوە و پەیمان نوێ بكەینەوە".


د.بەشیر حەداد جەختیكردەوە "جەژن رەهەندێكی مرۆڤایەتی و كۆمەڵایەتی و ئایینیشی هەیە، ئەوەتا ئێمە بە نوێژی جەژن دەستمانپێكرد و لەم رۆژەشدا خودا مرۆڤی رزگاركرد كە ئەمە پەیامی ئیسلامە بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەكان، هەروەك جەژن پەیامێكی مرۆڤدۆستانەی هەیە، هەروەها یارمەتیدانی یەكتر و هاتوچۆی یەكتر و گیانی لێبوردەیی، هەموو مانا جوانەكانی جەژنن، پێویستە بەبیرخۆمان بهێنینەوە، كە دوربین لە خراپە و هەموو مرۆڤەكانمان خۆش بوێت و ببینەمایەی هێنانەدی خۆشی و كامەرانی بەتایبەتی ئەوانەی بێبەشكراون لە خۆشییەكان".


لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، د.بەشیر حەدات وتی "پێویستە پەیامەكانمان بگەیەنینە حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم بۆئەوەی ئەو شارانە ئاوەدانبكرێتەوە كە لە تیرۆریستان پاككراونەتەوە، پێویستە هەموو لایەنەكان چۆن توانییان شكست بە تیرۆریستان بهێنن ئاواش دەست بكەن بە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و لە ناخۆشییەكان رزگاریان بكەن".
وتیشی "داوا لە حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بەردەوام بن لە گفتوگۆكانیان بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن و چیدیكە خەڵك نەبێتە قوربانی و موچەی نەبڕدرێت، داوا دەكەین بە پەیمانی مرۆڤدۆستیدا پەرە بە پەیوەندییەكانیان بدەن، بۆ ئەوەی ئەم میللەتە لە خۆشیدا بژیت بەتایبەت لە ناوچەیەكدا دەژین كە دەوروبەرمان هەمووی توندوتیژییە و پێویستە ئاشتی كۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتیانمان دابین بكەین".

هەروەها لەو چوارچێوەیەدا لە یەكێك لەو مزگەوتە گەورانەی شاری سلێمانی بەناوی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی، كە خەڵكانێك بێ جیاوازی لە زمان و نەتەوە و وڵات ڕوی تێدەكەن، نوێژی جەژن تێیدا بەڕێوەچو.
مامۆستا هەڵۆ ئەمین پێشنوێژی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی  وتی "پیرۆزبایی جەژنی قوربانی پیرۆز لەهەموو موسڵمانانی جیهان دەكەم و بەتایبەتی خەڵكی كوردستان. داواكارین لەخوای گەورە ئەمجەژنە ببێتەمایەی پێكەوەژیان و بەختەوەری بۆ هەمووان. جەژن واتای خۆشەویستی دەگەیەنێ، پێویستە موسڵمانان سەردانی یەكتری بكەن". 
لەبارەی نوێژخوێنەكانیشەوە وتی "ئەم مزگەوتە تایبەتمەندی خۆی هەیە ئەویش ئەوەیە كە نوێژخوێنەكانی لە هەمو چین و توێژەكانە لەگەڵ كوردەكاندا ڕوودەكەنە ئەم مزگەوتە بە بێ جیاوازی كە لە عەرەب و توركمان و میسری و پاكستانی و هەمو چین و توێژەكانن".

هاوكات هاووڵاتیانی شاری كەركوك بە كورد، توركمان و عەرەبەوە بەشدارییان لە نوێژی جەژندا كرد.
ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان بەمەبەستی بەشداریكردن لە نوێژی جەژن لە مزگەوتی گەورەی نور ریزیان بەست. 
لە میانی نزا و پاڕانەوەدا داوا لە خوا كرا ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری باڵ بەسەر كەركوك، عیراق و جیهانی ئیسلامیدا بكێشێت. 
شێخ قاسم عەبدوڵڵا پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەكە لە گوتارەكەیدا ئاماژەی بەوە دا، كە بنەمای ئایینی ئیسلام ئاشتی، خۆشەویستی، برایەتی و ئارامییە. 
نوێژخوێنانیش نزایان كرد ئاسایش و ئارامی شارەكەیان پارێزراو بێت.

هەروەها بەمەبەستی ئەنجامدانی نوێژی جەژن، موسڵمانانی ئوسترالیا، كە زیاتر لە 600 هەزار كەسن بەچڕی روویان كردە زیاتر لەو 200 مزگەوتەی لە سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا هەن.
موسڵمانان دوای بەشداریكردن لە نوێژی هەینی لە مزگەوتی سونشینی لە مێلبۆرن، گوێیان لە ئامۆژگارییەكانی گوتاربێژی مزگەوتەكە حسێن دورماز گر‌ت، كە لەبارەی حەزرەتی ئیبراهیم و حەزرەتی ئیسماعیلەوە بوو.

لەلایەكی دیكەوە بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە موسڵمانانی شاری تەبلیس-ی پایتەختی جۆرجیا نوێژی بەیانی جەژنیان لە مزگەوتی هەینی تەبلیس، كە بە مزگەوتی دوو میحراب ناسراوە ئەنجام دا.
موسڵمانانی شارەكە هاوشانی ئەو گەشتیارە موسڵمانانەی لە شارەكەن هەر لە بەیانییەكی زووەوە چوونە مزگەوتەكە و نوێژی بەیانیان ئەنجام دا.
موفتی جۆرجیای خۆرهەڵات یاسین ئالێڤ پێشنوێژی جەژنی بۆ موسڵمانانی بەشداربوو كرد و دواتر ئامۆژگاری تایبەت بە جەژنی دا. دواتر موسڵمانان گەردن ئازادیان لەیەكتر كرد.
هەروەك موسڵمانان نوێژی جەژنیان لە مزگەوتەكانی ستۆكهۆڵم-ی پایتەختی سوید ئەنجامدا.
بەمەبەستی دۆزینەوەی شوێن بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن موسڵمانان سەرلەبەیانی زوو بەچڕی روویان لەو مزگەوتانە دەكرد، كە لە ماڵەكانیان نزیكن.
بەهۆی ئەو هێرشەی دوێنێ كرایەسەر مزگەوتی ناوەندی ئیسلامی نور لە نەرویج، رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ گیرانەبەر لە مزگەوتەكاندا.
نوێژی جەژن بە بەشداری نزیكەی هەزار كەس لە مزگەوتی فیتجا لە ستۆكهۆڵم ئەنجام درا.
بەر لە ئەنجامدانی نوێژ و لە گوتاری جەژندا جەخت لەسەر پێویستی یەكڕیزی و بەیەكەوەبوویی كرایەوە.
دوای ئەنجامدانی نوێژیش نوێژخوێنان جەژنە پیرۆزەیان لەیەكتر كرد و لوقم و پسكیتیان بەسەردا دابەشكرا.

موسڵمانانی چین-یش بەچڕی بەشدارییان لە نوێژی جەژندا كرد لە مزگەوتەكانی چین.
بەمەبەستی بەشداریكردن لە نوێژی جەژندا ژمارەیەكی زۆری موسڵمانان هەر لە منداڵەوە بگرە تاكو بەساڵاچوو چوونە مزگەوتی نیوسی، كە یەكێكە لە گەورەترین و دێرینترین مزگەوتەكانی پەكین و ریزیان بەست. 
لە مزگەوتەكەدا رێوشوێنی ئەمنی چڕ گیرایەبەر. دوای ئەنجامدانی نوێژی جەژنیش لەلایەن ئەرك پێسپێدراوانەوە دەستكرا بە كوشتنەوەی ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانی داندرابون. 
بەهۆی نەبوونی مەیدانی ئاژەڵان لە پەكین، موسڵمانانی چین لە رێگای مزگەوتەكانەوە داوا دەكەن قوربانی ئەنجام بدەن و دوای ئەنجامدانی نوێژ لە كوشتارگەی مزگەوتەكاندا ئەو ئاژەڵانە سەردەبڕدرێن، كە لە ویلایەتەكانی‌ شاندۆنگ و هبەی-ەوە هێندراون بۆ كردنە قوربانی.

جەژنی قوربان تایبەتە بە هەموو موسڵمانان، كە لە چوار رۆژ پێكدێت و تیایدا موسڵمانان گەردن ئازایی و جەژنە پیرۆزە لە یەكتری دەكەن، لەم جەژنەدا خێر و قوربانی زۆر دەكرێت و رۆژێكی تیادا دیاریكراوە كە دەكەوێتە رۆژێك دوای 9ی زولحەججە، كە حاجیان لەو رۆژەدا لەكێوی عەرەفە دەوەستن و پایەی سەرەكی ئەنجامدانی حەجە، جیاوازیكەری نێوان حەج و عەمرەیە و بەگشتی رۆژەكە دەكەوێتە 10ی زولحەججە بەردەوام دەبێت تا 13ی زولحەججە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group