گۆڵپارێزە نوێیەكەی لیڤەرپوڵ لە بێ كارییەوە بۆ لوتكە

15/08/2019 وەرزش

نەوا
شەوی رابردو یانەی لیڤەرپوڵ بە لێدانی یەكلاكەرەوەی پەناڵتی توانی نازناوی جامی سوپەری ئەوروپا لە چێڵسی هاونیشتمانی بباتەوە، براوەی یەكەمیش ئەدریان سان میگێل گۆڵپارێزی نوێی ریدز بوو.
ئەدریان لە پاش پێكانی ئەلیسۆن بیكەر گۆڵپارێزی سەرەكی لیڤەرپوڵ لە یەكەم یاری وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، چانسی ئەوەی پێدراوە ئەركی پاراستنی تۆڕی گۆڵی تیمەكەیان بگرێتەئەستۆ، بۆ ئەو مەبەستەش لە یارییەكەی شەوی رابردودا بە ئاستێكی باش لەگەڵ ریدز دەركەوت.
ئەو گۆڵپارێزە ئیسپانییە پاش شەش وەرز لەگەڵ وێستهامی ئینگلیزی، بەشێوەی سەربەست و بەخۆڕایی رووی لە لیڤەرپوڵ كرد و بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵیان دەمێنێتەوە. ئەو گرێبەستە وایكرد لە بێ كاری و دەستبەتاڵی رزگاری بكات و پاش چەند رۆژێكی كەمیش لە پەیوەندیكردنی بە تیمە نوێیەكەیەوە، چانسێكی گەورەی لە كۆتایی جامی سوپەردا بێ بەخشرا و لەگەڵ هاوڕێكانی چیرۆكێكی نوێی سەركەوتنی نوسییەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەی "as"ی ئیسپانی، ئەدریان پاش كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ وێستهام، ناچاربوە لەسەر خەرجی خۆی مەشق و راهێنان بكات و بەشێوەی تاكیش لەگەڵ تیمی یونیۆن دیپۆرتیڤۆ ئەندەلوسی بچێتە یاریگای مەشقەوە، كە لە ماڵی خۆیانەوە نزیك بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group