خۆپیشاندەرانی هۆنگ كۆنگ كۆڵ نادەن

17/08/2019

نەوا
خۆپیشاندانەكان لە ناوچەی ئیدارەی تایبەتی هۆنگ كۆنگ، دژبە پرۆژەیاسای رادەستكردنی تاوانباران بە چین درێژەی هەیە.
هەزاران خۆپیشاندەری هۆنگ كۆنگ بە دروشمی ''نەوەی داهاتوو بپارێزە، با ویژدانمان قسە بكات'' لە ناوچەی سێنتراڵ گردبونەوەكانیان درێژەپێدەدەن و بێ گوێدانە بارانی وەرزی، كە ناو بە ناو بەسەریاندا دەباری، داواكارییەكانیان بۆ كشانەوەی تەواوەتی پرۆژەیاسای رادەستكردنی تاوانباران بە چین و دەستلەكاركێشانەوەی كاری لام بەڕێوەبەری گشتیی هۆنگ كۆنگ-یان دووبارەكردەوە.


خۆپیشاندەران دروشمی ''نەوەی نوێ بپارێزە، پرۆژە یاساكە بە تەواوی بكشێننەوە. خوێندكاران بپارێزە. پشتیوانی لە رێپێوان بكە. توندوتیژی بوەستێنە. نەخێر بۆ توندوتیژی سێكسی و جەستەیی و خراپ بەكارهێنان''یان لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە بەرزكردوەتەوە و درێژەشی پێدەدەن.
دوای گردبونەوەی خۆپیشاندەران، كە زۆربەیان‌ تەمەنیان لاو بوو، بەرەو بینای حكومەتی خۆجێیی هۆنگ كۆنگ بەڕێكەوتن.


مامۆستایەكی پیشەیی بەناوی سوم هۆ، باسی لەوە كرد كێشانەوەی پرۆژە یاساكە، بەزەیی پێنەهاتنەوە و كوشتنی خوێندكاران لە هۆنگ كۆنگ، لێكۆڵینەوە لە توندوتیژی پۆلیس و دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی خۆجێی، داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەرانە.
سوم هۆ ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەگەرێكی زۆر كەم هەیە سوپای چین دەستوەربداتە هۆنگ كۆنگ و باسی لەوەكرد 30 ساڵ بەرلە ئێستا كاتێك حكومەتی چین دەستوەردانی توندی كرد لە خۆپیشاندەرانی مەیدانی "تیانانمین"، ئەوكات لە هۆنگ كۆنگ خۆیشیان ترسیان لێنیشت و دەڵێت ''پێموانییە ئەوەی 30 ساڵ پێش ئێستا لە تیانانمین ئەنجامیاندا، ئەمڕۆش ئەنجامی بدەنەوە".


لە سێی نیسانی رابردودا پرۆژەیاسای ئاسانكاری بۆ رادەستكردنی تۆمەتباران بە چین و ناوچەی ئیدارەی تایبەتی ماكاو و تایوان پێشكەش بە پەرلەمانی هۆنگ كۆنگ كرا، دەستبەجێش كێشەی لێكەوتەوە.
پرۆژەیاساكە تاوانی سیاسیی ناگرێتەوە، بەڵام بەشێكی زۆری خەڵكی هۆنگ كۆنگ، كە ژمارەی دانیشتوانەكەی حەوت ملیۆن و 400 هەزار كەسە، نیگەرانن لەو پرۆژە یاسایە و سیستمی دادگای چین.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group