سودان رێككەوتنەكانی قۆناغی گواستنەوە واژۆ دەكرێن

17/08/2019 جیهان

نەوا
ئەمڕۆ رێككەوتنی قۆناغی گواستنەوە لە سودان واژۆ كرا و ئەنجومەنی سەربازیی راگوزەر و هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕانكاری كۆتاییان بە ناكۆكییەكانیان هێنا.
لە رێوڕەسمێكدا، كە چەندین میوانی بیانی-یش ئامادەبون، لە خەرتومی پایتەختی سودان، نوێنەرانی ئەنجومەنی سەربازیی راگوزەر و هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕانكاری واژۆیان لەسەر بەڵگەنامەی قۆناغی گواستنەوە كرد، كە بە سەرەتایەكی نوێی مێژوویی لە وڵاتەكەدا دادەنرێت.
بەگوێرەی "راگەیاندنی دەستوری"، كە بەڵگەنامەیەكی واژۆكراوی فەرمییە لەنێوان هەردوولایەنەكەدا، حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت و قۆناغی گواستنەوە دەستپێدەكات و ماوەی 39 مانگ دەخایەنێت.
لەپاش روخانی رژێمی عومەر حەسەن بەشیرەوە، ئەنجومەنی راگوزەری سەربازیی حوكمی سودان دەكات و چەندین هەفتەش بوو لەگەڵ هێزەكانی راگەیاندنی ئازادی و گۆڕانكاری، كە نوێنەرایەتی جوڵانەوەی میللی دەكات، لە دانوستاندندا بون بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی قۆناغی گواستنەوە.
بەگوێرەی خشتەی راگەیاندنی دەستوری، سبەینێ (18-8-2019) ئەنجومەنی سیادی پێكدەهێنرێت، كە لە نوێنەرانی هەردوو لایەنەكە پێكدێت، دوو رۆژ دواتریش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی سودان دادەمەزرێت و پاشان لەبەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەكە و سەرۆكی دادوەران سوێندی یاسایی دەخوات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group