لەبارەی نۆژەنكردنەوەی رێگای كۆیە- كەلكەسماق رونكردنەوە دەدرێت

17/08/2019

نەوا
قایمقامی كۆیە رونكردنەوەیەكی لەبارەی نۆژەنكردنەوەی رێگای كۆیە-كەلكەسماق بڵاوكردەوەو رایگەیاند، تاوەكو ئێستا وەزارەتی دارایی تەنها رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕە پارەی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە دەربڕیوە.
یوسف حسن، قایمقامی كۆیە لەرونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، "سەبارەت بە نۆژەنكردنەوەی ڕێگای كۆیە-كەلكەسماق، قسەی زۆر لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت بەتایبەت لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بۆ بەدواداچونی زیاتر و ڕاستیەكان وەزارەتی دارایی تاوەكو ئێستا تەنها رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی بڕە پارەی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە دەربڕیوە، كە دەستكراوە بەكاركردن و ماوەی پڕۆژەكە سێ مانگ بو بەدو مانگ پڕۆژەكە تەواو كرا كە دو كیلۆمەتر و 300 مەتر بو".
ئاماژەی بەوەشكردوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران  لە 24-6-2019 رەزامەندی لەسەر قۆناغی دوومی  پڕۆژەكە دەربڕی كە پارەكەی شەش ملیار و 369 ملیۆن و 625 هەزار دینارە.
قایمقامی قەزای كۆیە دەشڵێت، لە بەرواری 18-7-2019 وەزیری پلاندانان ڕەزامەندی دەربری لەسەر جێبەجێكردنی و لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا وەزارەتی دارایی پارەكەی خەرجنەكردوە بۆ ئەوەی بكرێتە تەندەر.
رونیشیكردوەتەوە، پێشتریش بڕیاری خەرجكردنی 564 ملیۆن و 848 هەزار دیناری دیكەی بۆ هەردو قۆناغی دوەم و سێیەم هەبوە، پارەكەی خەرجنەكراوە و لە ئێستادا هەوڵەكانیان چڕكردوەتەوە بۆ ئەوەی بە زویی وەزارەتی دارایی رەزامەندی دەرببڕێ و پێش وەرزی باران بارین جێبەجێبكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group