ئێران.. لە بارەی ئازادكردنی هاوڵاتیەكی كوردەوە داوای رونكردنەوە لە وەزیری ئیتلاعات دەكرێت

17/08/2019 جیهان

نەوا
هاوڵاتیەكی كورد كە پێشتر دانی بە كوشتنی زانایانی بواری تەكنەلۆجیای ئەتۆمی ئێراندا نابوو، ئازاد كراوە و پەردەی لەسەر چۆنێتی دانپێدانانە زۆرەملیەكەی هەڵداوەتەوە و پەرلەمانتارێكی ئێرانیش لە بارەی ئەو رووداوە داوای روونكردنەوە لە وەزیری ئیتلاعات دەكات.
شەش ساڵ بەر لە ئێستا مازیار ئیبراهیمی كە هاوڵاتیەكی كوردە لەگەڵ 11 كەسی تر لە دانپیانانێكی تەلەڤزیۆنیدا باسیان لەوەكرد، كە سەر بە دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلن و دەستیان لە كوشتنی زانایانی تەكنەلۆجیای ئەتۆمی ئێراندا هەبووە.
دوای تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە ئاشكرا بوو، كە سەرجەم ئەو 12 كەسە ئازادكراون و لە ئێستادا مازیار لە وڵاتی ئەڵمانیایە و لە چەند چاوپێكەوتنێكدا وردەكاری دانپیانانە زۆرەملیەكە و چۆنێتی ئازادبوونیانی باس كردووە، كە بە هۆی ناكۆكی نێوان سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە سزای مردن و زیندان رزگاریان بووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئیتلاعاتی سوپا بەوەی زانیوە، كە ئەو كەسانە بە زۆرەملێ و لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ناچار بە دانپیانان كراون.
سەبارەت بەو بابەتە مەحمود سادقی نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران نامەیەكی ئاراستەی مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران كردووە، تێیدا داوای كردووە لە بارەی ئازادكردنی مازیار ئیبراهیمی و ئەو كەسانەی تر كە دانیان بە كوشتنی زاناكانی بواری تەكنەلۆجیای ئەتۆمیدانابوو، رونكردنەوەی پێبدات.
بەپێی یاساكانی ئێران سزای لە سێدارەدان بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنرێت كە سیخۆڕی كردن و تاوانی كوشتنیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group