سەرۆكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان لەسەر داگیركردنی زەوی و موڵكی حكومەت رونكردنەوە دەدات

17/08/2019
هاوڕێ مەلا ستار سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار و ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان لەپەرلەمانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار و ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، پڕۆژە یاسایەك لەبارەی ئەو زەوییانەی موڵكی حكومەت و وەزارەتی شارەوانین و بەشێوەی نایاسایی خانویان لەسەر كراوە ئامادەكراوە تاوەكو لەبەرانبەر بڕێك پارە لەسەریان تاپۆ بكرێت، ئەوەش دەڵێت: "بۆ بەدواداچوونی داگیركردنی زەوی موڵكی حكومەت لەلایەن كەسانی بەرپرسەوە پێویستە سكاڵا بگەیەنرێتە لیژنەكەمان لە پەرلەمانی كوردستان".
هاوڕێ مەلاستار سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار و ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان لەپەرلەمانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پرۆژە یاسایەك تایبەت بە زەوی و خانووە بێ تاپۆكان ئەوانەی موڵكی حكومەت و وەزارەتی شارەوانیین داگیركراون لە لیژنەكەمان ئامادەكراوەو كۆدەنگی سەرجەم فراكسیۆنەكانیشی لەسەرەو یەك دوو دانیشتنی لەسەر كراوەو لەداهاتووش بەئامادەبوونی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەكان كاری زیاتری لەسەر دەكەین تاوەكو بكرێتە یاسا.
باسی لەوەشكرد، لە پرۆژە یاساكە وردەكاری زۆری تێدایە بەتایبەت بۆ ئەو زەویانەی لە پێش مانگی 3ی ساڵی 2018 زیادەڕۆیان كردووەتە سەر زەوی حكومەت و شارەوانییەكان تاوەكو بەپێی بڕێك پارە زەوییەكانیان پێبدرێت ئەویش بەپێی مەتر دەبێت و بۆ ناحیەو قەزاو شارەكان جیاوازە بەجۆرێك ئەوەی ئێستا دیاریكراوە "ناحییەكان مەترێك بە 30 هەزار، قەزاكان 45 هەزار بۆ پارێزگاكانیش بە 65 هەزار دینار" دیاریكراوە ئەوەش رەنگە لە داهاتوو گۆڕانكاری تێدا بكرێت.
راشیگەیاند، پڕۆژە یاساكە پەسەندبكرێت زۆربەی كێشەی خانوو زەوییە بێ تاپۆكان چارەسەر دەكات و هەركەسیش پابەند نەبێت بەپێدانی ئەو بڕە پارەیە لەماوەیەكی دیاریكراودا حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان رێكاری یاسایی بەرانبەر دەگرێتەبەر.
سەبارەت بەوە دەنگۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەلایەن پەرلەمانتارانیشەوە باس دەكرێت بەوەی ماوەیەكە لەلایەن ژمارەیەك كەسەوە زەوی حكومەت لە پارێزگا جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان داگیر دەكرێت و لە رێگەی كەسانی چەكدارەوە پارێزگارییان لێدەكرێت، هاوڕێ مەلاستار سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار و ئاوەدانكردنەوەو وەبەرهێنان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رادیۆی نەوا وتی: "لایەنی جێبەجێكار زیاتر پەیوەستە بەو بابەتەوە ئێمە وەكو پەرلەمان تەنها دەتوانین لیژنەیەك پێكبهێنین تاوەكو لێكۆڵینەوە بكات لەوەی ئەو خەڵكانە كێن؟ چیین؟ بۆچی حكومەت رێكاری یاسایی ناگرێتەبەر؟، بەڵام بەگشتی ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی ناوخۆ، هەركاتێك سكاڵایەكیش بە ئێمە بگات وەكو پەرلەمان بێگومان لە رێگەی لیژنەیەكەوە بەدواداچوونی پێویست دەكەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group