چارەنوسی گاریس بەیڵ یەكلاكرایەوە

17/08/2019 وەرزش
نەوا
ریاڵ مەدرید یەكەم یاری وەرزی نوێی خولی پلە یەكی تۆپی پێی ئیسپانیای لە سێلتافیگۆ بردەوە و گاریس بەیڵیش یەكلاكرایەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ ریاڵ مەدرید لەدەرەوەی یاریگای خۆی بەسەركردایەتی زێنەدین زێدانی راهێنەر بە سێ گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك بەسەر سێلتافیگۆدا سەركەوت.
لەپاش یارییەكە، زێدان بۆ رۆژنامەنوسان دوا و وتی "هەر لە سەرەتای یارییەكەوە بە تەواوەتی ئامادەبوین، هەرچەندە یاریزانێكیشمان دەركرا، بەڵام یاری خۆمانمان كرد و زەحمەتیمان لەپێناو بردنەوەدا چەشت...زۆرێك لە یانەكان نەیانتوانیوە لەنێو یاریگای سێلتافیگۆدا بردنەوە بەدەستبهێنن".
وتیشی "خۆشحاڵم لە پاش ماوەی ئامادەكاری پڕ گرێكوێرە بەهۆی ئەنجامەكانەوە، ئەمڕۆ براوەبوین..ئامادەكارییەكە باش بوو لەسەرئاستی كاركردن، ئێستاش ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ركابەریكردنە".
لەبارەی گاریس بەیڵ-یشەوە رایگەیاند، ئەو دەمێنێتەوە و بەشێوەی پۆزەتیڤ بیر لە هەموو یاریزانێكیان دەكەنەوە، ئێستاش پێویستە بیر لە وەرزەكە بكەنەوە و لەوە زیاتر هیچی تر نییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group