بەتۆمەتی رفاندنی مێردمنداڵێك چوار كەس لە سلێمانی دەستگیركران

18/08/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی توانیویانە باندێكی چوار كەسی بەتۆمەتی رفاندنی مێردمنداڵێك دەستگیربكەن و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسیش دەڵێت "لە دادگا كێشەكە یەكلایی دەكرێتەوە".
لەبارەی ئەو روداوەوە، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكانی پۆلیسی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی توانیویانە سێ پیاو و ژنێك دەستگیربكەن، كە ویستویانە مێردمنداڵێك بڕفێنن، بەڵام پاش ئاگاداركردنەوەی هێزەكانی پۆلیس توانراوە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكە دیاری بكەن و پاش دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەكەش سەرجەم كەسەكان دەستگیركراون، مێردمنداڵەكەش گەڕێنراوەتەوە بۆ خانەوادەكەی.


وتیشی "ئەو رووداوە لە 15-8-2019 لە شاری سلێمانی رویداوە و مێردمنداڵەكە تەمەنی 16 ساڵە و لەلایەن حاكمەوە دەستگیركراوەكان بە مادەی 422ی رفاندن لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراون و لە دادگا كێشەكە یەكلایی دەكرێتەوە".
هەر ئەمڕۆ نەقیب سەركەوت ئەحمەد لە پرێس كۆنفرانسێكدا ئاماری روداوەكانی رۆژانی پشوی جەژنی قوربانی راگەیاند و وتی "باندێكی دزیكردن و چەندین تۆمەتبارێك دەستگیركراون".


وتیشی "باندەكە عەرەبن و لە سلێمانی مادەیەكی ستونی كارەبایان لێكردوەتەوە و دەیفرۆشنەوە، بەڵام ئەندامەكانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراون".
باسی لەوەشكرد، هەر لە رۆژانی جەژندا سێ ئۆتۆمبێلی دزراو لە سلێمانی دەستیان بەسەرداگیراوە و یەكێك لەو ئۆتۆمبێلانە لە كەركوك دزراوە و هێنراوەتە سلێمانی و لێرە دەستیبەسەرداگیراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group