بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی: هەندێك كەس دەتوانن دوو موچە وەربگرن

18/08/2019

نەوا
حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە یەكێك لەكارەكانی نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار و دوو موچە و زیاتر بێت، بەڕێوەبەری گشتیی بودجەش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت "هەندێك كەس هەن دەتوانن دوو موچە و زیاتریش وەربگرن".
لەوبارەیەوە پەریخان نوری بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت "هەرچەندە تائێستا 840 هەزار موچەخۆر بایۆمەترییان كردوە، بەڵام ژمارەی فەرمانبەران لە 621 هەزار فەرمانبەر زیاتر نییە، راستە ئێستاش دوو موچە و زیاتر هەیە، بەڵام یاساییە، چونكە كەسوكاری شەهید موچەی خۆی هەیەو هی شەهیدانەش وەردەگرێت، یاخود زیندانی سیاسی یان كەسوكاری ئەنفال، كە هەیە 3 كەسی ئەنفالە و بۆی هەیە موچەی خۆی و دوو موچەی دیكەش وەربگرێت".
لای خۆیشیەوە جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی لەوەكردوە، پێداچونەوە بە میلاكی فەرمانبەراندا كراوە و پڕۆژەیاسایەك لەوبارەیەوە تەواو بووە، بۆیە دەینێرینەوە پەرلەمان بۆ پەسندكردنی.
رونیشیكردەوە، پڕۆژەكە بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوارە، ئەوانەی موچەی مانگانە لە حكومەت وەردەگرن و هیچ دەوامێكی فەرمی ناكەن یان وەك پاسەوان لەلایەن بەرپرسانەوە دامەزراون و دەوامیان پێ ناكرێت.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی دارایی ملیۆنێك و 500 هەزار كەس وەك موچەخۆر موچەیان لە حكومەت وەرگرتوە، بەڵام تائێستا 840 هەزار كەس سیستمی بایۆمەترییان كردوە و دەركەوتوە تەنیا یەك موچە وەردەگرن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group