"باج لەسەر هەندێك كۆمپانیای گەشتیاریی هەرێم زیاد دەكرێت"

18/08/2019
نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان

نەوا-لاڤە كوردە 
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت "ئەو كۆمپانیایانەی تەنها كار لەسەر بردنی گەشتیار دەكەن بۆ دەرەوەی هەرێم و گەشتیار ناهێننە ناو كوردستانەوە، باجیان لەسەر زیاد دەكرێت".
نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "بەردەوام لە رێگەی كۆمپانیاكانەوە كار لەسەر هێنانی گەشتیار دەكەین، ئەوەش لەڕێی دوو جۆرە كۆمپانیاوە دەكرێن، كە ناوخۆییەكان و دەرەكییەكانن و كۆمپانیای عیراقین و كارئاسانیمان بۆ كردون، لە شەش مانگی رابردو بۆ ئەو مەبەستە كۆبونەوە و كۆنفرانسی تایبەت كراوە و پلانی سەرەكیمان بوە، بەڵام بەداخەوە لە كۆی 400 كۆمپانیای ناوخۆیی تەنها 10یان كار لەسەر هێنانی گەشتیار دەكەن".
وتیشی "مەرجە هەر كۆمپانیایەك دادەمەزرێت گەشتیار بباتە دەرەوەی هەرێم و گەشتیاریش بهێنێت، بۆیە رێكار دەگرینەبەر و باج لەسەر ئەو كۆمپانیانەی وا كارناكەن، زیاد دەكەین".
هەر لە بەرنامەكەدا سیپان سالم ئەندامی لیژنەی گەشتوگوزار و ئاوەدانكردنەوە لە پەرلەمانی كوردستان وتی "لیژنەكەمان لە یەكەم كۆبونەوەیدا كێشەو گرفتەكانی كەرتی گەشتیاریی دیاریكردوە و لە كۆبونەوەكانی داهاتودا دوای دانانی دەستەیەكی نوێی گەشتوگوزار لەلایەن كابینەی نۆی حكومەتەوە كار لەسەر باشتركردن و بەرەوپێشبردنی ئەو كەرتە دەكەین".
وتیشی "یەكێك لە گرفتەكانی گەشتیاری پەیوەندی بە سنوری دهۆكەوە هەیە، كە زۆرترین شوێنی گەشتیاریی لێیە، بەڵام شەڕی پەكەكە و توركیا هەیە و بەو هۆیەوە خەڵك ناوێرێت بچێتە ناوچەكە و لێی دوردەكەونەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group