جەبەل تارق داوایەكی ئەمریكا لەبارەی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئێران رەتدەكاتەوە

18/08/2019 جیهان

نەوا
حكومەتی جەبەل تارق رایگەیاند، لە توانایدا نییە داواكاری ئەمریكا بۆ دەستبەسەرداگرتنی كەشتی نەوتهەڵگری گریس 1 جێبەجێبكات، كە نەوتی ئێران دەگوازێتەوە.
لە راگەیەنراوێكدا حكومەتی جەبەل تارق رونیكردۆتەوە، كەشتی گریس 1 پێشتر لە چوارچێوەی سزاكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ سەر سوریا دەستی بەسەرداگیرابوو، لەبەرئەوەی داواكاریەكەی ئەمریكا لەگەڵ یاسا و سزاكانی ئەرووپا ناگونجێت، ناتوانن جارێكی تر دەست بەسەر ئەو كەشتیەدا بگرنەوە.
رۆژی 4ی تەموز حكومەتی جەبەل تارق بە هاوكاری بەریتانیا دەستیان بەسەر كەشتی نەوتهەڵگری گریس 1دا گرت و پاش نزیكەی 40 رۆژ هەفتەی رابردوودا كەشتیەكە ئازادكرا، بەڵام تائێستا لە بەندەری جەبەل تارقە.
بەریتانیا و جەبەل تارق باسیان لەوەكردبوو، ئەو كەشتیە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێرانی پێبووە و بەنیازبووە بیگوازێتەوە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا، ئەمەش پێشێلكردنی سزاكانی یەكێتی ئەوروپایە لەسەر حكومەتی دیمەشق.
پێش ئازادكردنی كەشتیەكە وەزارەتی دادی ئەمریكا داوایكردبوو، بەتەواوەتی دەستبەسەركەشتیەكەدا بگیرێت، چونكە بەبڕوای ئەوان داهاتی فرۆشتنی نەوتەكە بۆ سوپای پاسدارانە، كە لەلایەن واشنتۆنەوە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی ناسێنراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group