مونا قەهوەچی: بەم نزیكانە حكومەت پڕۆژەیاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات

18/08/2019
مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان

نەوا
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكوومەت و پەرلەمان بڕیاریان داوە لەبارەی هەموو پڕۆژەیاساكانەوە هەماهەنگیی تەواو لە نێوانیاندا هەبێت و بەم نزیكانەش حكومەت پڕۆژەیاسای چاكسازی رەوانەی پەرلەمان دەكات.
مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، "حكوومەت و پەرلەمان سوورن لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی، لەبەر ئەوەی هەموو لایەنەكان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی چاكسازییان بە خەڵك داوە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت حكوومەت ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ ئێمە رەوانە بكات و پەسەند بكرێت لە پەرلەمان و ئەو بەڵێنەی بە خەڵك درابوو، جێبەجێ بكرێت".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: " ئێمە داوامان كردووە هەماهەنگی لە نێوان حكوومەت و پەرلەمان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە هەبێت و هەر كەموكوڕییەكیش هەبێ پیكەوەچارەسەری بكەین، بۆ ئەوەی وەكوو خولی پێشوو نەبێت، كە هاتە پەرلەمان و دواتریش ڕەت كرایەوە و بووە موزایەدەی سیاسی، بەڵام ئێستا حكوومەت ئامادەیی نیشان داوە بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك".
دەشڵێ: "لە 1-9 پشووی پەرلەمان تەواو دەبێت و تا ئەو كاتیش حكوومەت پڕۆژەیاساكە بۆ ئێمە رەوانە دەكات و ئێمەش لە كاتی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان، لەگەڵ فراكسیۆنەكان كۆدەبینەوە و تاووتوێی ئەو پڕۆژەیاسایە دەكەین و دواتریش لە پەرلەمان پەسەند دەكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group