"چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات"

18/08/2019
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا-كاروان مەحمود
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات، "چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و لەسەر پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان و مادەی 140ی دەستور، پرسی دارایی و پرسی نەوت گفتوگۆ بكەن".
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوای سەردانی شاندێكی باڵای حكومەتی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان لە پێش جەژنی قوربان و كۆبوونەوەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان واچاوەڕوان دەكرا دواتر شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكاتەوە بۆ گفتوگۆی زیاتر بەڵام بەهۆی هاتنی جەژنی قوربان سەردانەكە دواكەوت بۆ دوای جەژن.
وتیشی: "چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا شاندەكەی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەری سەرەكی بكرێت ئەوانیش، پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان و مادەی 140ی دەستوری عیراق، پرسی دارایی و بودجە و هەروەها پرسی نەوت".
باسی لەوەشكرد، گرنگە لەداهاتووش لیژنە لەسەر ئاستی وەزارەتەكان بۆ ئەو پرسانە پێكبهێنرێت و سەردانی هەبێت لەنێوان هەرێم و بەغدا.
لەبارەی گەشبینی بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان وپرسەكانی نەوت و دارایی لەنێوان هەردوولادا، ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوا ئاشكرایكرد، گرنگە گفتوگۆو دانوستان بەردەوامبێت بەپێی دەستور كار بكرێت بۆ چارەسەری كێشەكان ئەوەشی جێگەی خۆشحاڵییە، رۆژانە رێگە چارەی نوێ دیاریدەكرێت تاوەكو هەرێم و بەغدا لە رێككەوتن نزیك ببنەوە كێشەكان بە گفتوگۆو بەپێی دەستور چارەسەر بكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group