قائیمقامی سۆران: پێكدادان لەنێوان پەكەكەو توركیا كەمیكردووە

18/08/2019
كرمانج عیزەت قائیمقامی قەزای سۆران

نەوا-كاروان مەحمود 
قائیمقامی قەزای سۆران دەڵێت: "ماوەی 10 رۆژە دۆخی قەزاكە تاڕادەیەك ئارامەو پێكدادانی نێوان پەكەكەو سوپای توركیا كەمتر بووەتەوەو لەو ماوەیەشدا هیچ گوندێك چۆڵ نەكراون".
كرمانج عیزەت قائیمقامی قەزای سۆران بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ماوەی 10 رۆژەو لەپێش جەژنی قوربانەوە دۆخی قەزاكە ئارامترەو پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا كەمترە، هەرچەندە لە دووەم رۆژی جەژن فڕۆكەكانی توركیا ژمارەیەك ناوچەیان بۆردومانكرد لە سیدەكان تا دەگاتە قەندیل بەڵام پێكدادانەكانیان كەمتربووە، بۆ دەستگیركردنی هاووڵاتیانیش لەدوای ئەوەی لەماوەی رابردوو سوپای پاسداران ژمارەیەك هاووڵاتی شوانیان دەستگیركرد لەسنورەكەمان  هیچ حاڵەتێكی دیكە روینەداوە.
سەبارەت بەمەترسی چۆڵكردنی ژمارەیەك گوندی ناوچەكە بەهۆی پێكدادانەكان و بۆردومانەكان، كرمانج عیزەت قائیمقامی سۆران بۆ رادیۆی نەوا وتی: "بەهۆی ئەوەی لەو رۆژانەدا پێكدادان و بۆردومانەكان كەمتربووە مەترسی چۆڵكردنی گوندەكانیش كەمترە، هەرچەندە تائێستاش لە حاڵەتێكی نا ئاساییدان بەهۆی ئەوەی مەترسییان هەیە بەهۆی پێكدادانەكان ئەوانیش بەرئاگری ئەو شەڕە بكەون، بەڵام دوای ئەو ژمارە گوندەی بەهۆی بۆردومانی سوپای پاسداران لە مانگی رابردوو چوڵكران و ژمارەیەك لە خانوو رەزو باخەكانیان سوتا تائێستا هیچ گوندێكی دیكە چۆڵنەكراوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group