"بۆ ئەمساڵی خوێندن گرفتی دواكەوتنی پەرتوك چارەسەر كراوە"

19/08/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتی تەجهیزات لە پەروەردەی گشتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بۆ خوێندنی ساڵی 2019-2020 بڕی پێویست پەرتووك"كتێب" گەیشتووەتە دەستمان و گرفتی كەمی پەرتوكی خوێندن دروست نابێت.
نوعمان عوسمان بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتی تەجهیزات لە پەروەردەی گشتی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لە 18ی ئابی 2019 دەست بە دابەشكردنی پەرتوكی خوێندنی ساڵی 2019-2020 كراوەو بە بڕێكی زۆر باشیش پەرتوكی خوێندن بۆ ئەمساڵ چاپكراوەو گەیشتووەتە دەستمان.
سەبارەت بەوەی دەوترێت لە یەك دوو ساڵی رابردوو كەمێك گرفت لەدابەشكردنی پەرتوك هەبووەو وەك پێویست پەرتوك دابەشنەكراوە، نوعمان عوسمان وتی: "لە راستیدا لە ساڵانی پێشوو گرفت لە كەمی چاپكردنی پەرتوك نەبووە بەڵكو كەمێك گرفت لەدواكەوتنی ناردنی پەرتووك هەبووە، بۆ ئەمساڵ ئەو كێشەیەش چارەسەركراوەو وەزارەتی پەروەردە بودجەیەكی باشی بۆ چاپكردنی پەرتوك دیاریكردووە، هەندێك بابەتی خوێندن كە گۆڕانكاری لە پرۆگرامەكەی دەكرێت وەك كۆمەڵایەتیەكان ئەویش لە داهاتوویەكی نزیكدا چاوەڕوانین رەوانە بكرێت ئەگەر ئەوانەشی لەبەردەستن دابەشبكرێت گرفتێك دروست ناكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group