كۆمپانیای "طاقە"ی ئیماراتی: بەرهەمی نەوتمان لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك بەرمیلی تێپەڕاند

21/08/2019

نەوا
كۆمپانیای ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە ئاشكرایكرد، كۆمپانیای "طاقە" ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كردوە و بەرهەمی نەوتی كێڵگەی (ئەتروش)ی لە هەرێمی كوردستان گەیاندوەتە سەرووی یەك ملیۆن بەرمیل لە مانگێكدا.
كۆمپانیای ئەبوزەبی نیشتمانی بۆ وزە لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردووە، بۆ یەكەمجار و لەسەرەتای كاركردنەوە لەساڵی 2017ەوە لە كێڵگەی نەوتی (ئەتروش) لە هەرێمی كوردستان بڕی بەرهەمهێنانی 1 ملیۆن بەرمیلی تێپەڕاندوە لەمانگێكدا، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەیی نوێیە بۆ ئەو كێڵگەیە.
بەپێی هەمان بەیاننامە، بەرهەمی رۆژانەی نەوتی كێڵگەی ئەتروش 34 هەزار بەرمیلە و هاوشانی پلانەكانی كۆمپانیاكەیە لەئێستادا، پێشبینی ئەوەش دەكرێت لەرێگەی كاركردن لەبیری نەوتی نوێدا زیادكردنێكی گەورە لە بەرهەمهێنانی نەوتدا روبدات.
كێڵگەی نەوتی ئەتروش 85 كیلۆمەتر لەباكوری خۆرئاوای شاری هەولێرەوە دورە و بە یەكێك لە پرۆژە گەورە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و بۆ یەكەمجار لەساڵی 2011دا یەكەم بیرە نەوتی دۆزرایەوە، لەساڵی 2017شەوە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت لەوێ دەستیپێكرد.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group