هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكانی پێوەری ئاوی ماڵان دەدرێت

22/08/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
رۆژی پێنج شەممە لە هۆتێل تایتانیكی شاری سلێمانی گفتوگۆیەكی كراوە سەبارەت بە پێوەری ئاوی ماڵانی شاری سلێمانی ئەنجامدراو و بەرپرسێكی بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش رایگەیاند، هاووڵاتیان دڵنیادەكەینەوە لە خولی دووەمی خوێندنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان نرخی ئاو لەچاو پێشتر زۆر كەمتر دەبێتەوە. 
محمد مەجید سەرۆكی لیژنەی خوێندنەوە و دانانی پێوەر لە بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لەكۆی 175 هەزار هاوبەشی ئاو، كەمتر لە هەزار كەس سەردانیان كردووین بۆ كێشەی پێوەرەكانیان، بەردەوام لەسەنتەرەكەمان تێستی ئەو پێوەرانە دەكەین كە هاووڵاتیان سەردانمان دەكەن و چارەسەری كێشەكانیان دەكەین.
وتیشی: "ئەو بڕە ئاوەی رۆژانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بەرهەمدێت دەگاتە نزیكەی 300 هەزار مەتر سێجا، لەهەمانكاتدا لە سەنتەری شاری سلێمانی لەو بڕە كەمترمان پێویستە، بەپێی ئەو خەمڵاندنەی كردومانە بۆ هەر مەتر سێجایەك ئاو 460 دینار لەسەرحكومەت هەژمار دەكرێت و ئەو ئاوەی دەفرۆشرێتەوە بە هاووڵاتیان نیوەی ئەو نرخەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت.
بەپێی رێنماییەكان، لەنێوان 1-5 مەتر سێجا بری 50 دینار و لە 5–15 مەتر سێجا ئاو 150 دینار وەردەگیرێت، هەروەها لە 15- 30 مەتر سێجا ئاو 400 دینار لەهاووڵاتیان وەردەگیرێت، بۆهەر تاكێك 200 مەتر سێجا ئاو هەژماركراوە لەرۆژێكدا بەكاری بهێنێت. 
بەرپرسی بەشی خوێندنەوەی پێوەری ئاو راشیگەیاند، هاوڵاتیان دڵنیا دەكەینەوە لەخولی دووەمی خوێندنەوەی پێوەری ئاو كەچەند رۆژێكیتر دەستپێدەكات بەو نرخەی دانراوە لە چاو خولی یەكەم زۆر زیاتر نرخەكان كەمدەبێتەوە، هەروەك رەتیكردەوە كار بۆ لابردنی پێوەری ئاو بكرێت و ئەوەشی وت: "لەهەوڵداین كێشەی ئەو گەڕەكانە نەهێڵین كە گرفتی كەمئاویان هەیە".


سەبارەت بە خوێندنەوەی هەوا لە پێوەرەكان، محمد رەسوڵ سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە رادیۆ نەوای راگەیاند، پێشنیارێكمانكردووەو بەرزمان كردۆتەوە بۆ بەرێوەبەرایەتیەكان و وەزارەتی شارەوانی بۆ دانانی رێگری هەوا لەسەر بۆریەكانی سەرەتای گەڕەكەكان، بۆ ئەوەی رێگری بكات لە گەڕانەوەی هەوا بۆ ناو بۆریەكان و هەمیشە ئاو لە بۆریەكان بمێنێتەوە هەتاكو ئێستاش هیچ پارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان وەرنەگیراوە.
سەبارەت بەهۆكاری سەرەكی زیاد خوێندنەوەی پێوەرەكان و گیروگرفتەكانیان، زانا عوسمان بەرپرسی كۆمپانیای ئۆرانۆس بۆ كۆكردنەوەی پارەی هاوبەشی پێوەری ئاوی ماڵان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، وەكو جێبەجێكاری پرۆژەی بەسیستەمكردنی كۆكردنەوی كرێی ئاو لە زۆنی چوار و لەهەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەرین، 135 هەزار هاوبەشی ئاومان هەیە لەو رێژەیە تەنها  نزیكەی دوو هەزار هاوبەش كرێی ئاویان بەشێوازێكی ناتەندروست و زۆریان بۆ هاتۆتەوە.


باسی لەوەشكرد، چەند هۆكارێك كاریگەری هەیە لەسەر زیاد خوێندنەوەی پێوەرەكان ئەوانیش، بەستنی پێوەرەكە بەشێوازێكی نادروست بەواتای ئەوەی لە زۆرەوە بۆ كەم پێوەرەكە دەخوێنێتەوە، زۆربەی هەڵەی بەستنی پێوەرەكانیش  پەیوەستە بە خەڵك كە سەربەخۆیانە بەستوویانە، یەكێك لە هۆكارەكانیتر بریتیە لەتێكچوونی پێوەرەكەو ئەگونجێت لەناو رێژەیەكی زۆر چەند دانەیەكی كەم خراپ بوبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group