نەسر: شوێنگرەوەمان بۆ عادل عەبدولمەهدی ئامادەیە

23/08/2019 عێراق

نەوا
هاوپەیمانی نەسر كە لە لایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت  رایگەیاند، ئەگەر هەیە وەرزی یاسادانانی داهاتوو لێپێچینەوە لەگەڵ تێكڕای حكومەتی ئێستای عێراق بكرێت. وەك هاوپەیمانی نەسریش شوێنگرەوەمان بۆ عەبدولمەهدی ئامادەیە.
ئایات موزەفەر نوری، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی ناچارمان دەكات دەستەوەستان نەبین و چاوەڕێنەكەین چوار ساڵی دیكەمان بەفیڕۆبڕوات و دەستكەوتەكانی قۆناخی پێشوو لەدەستبدەین".
باسی لەوەشكردووە "لە وەرزی یاسادانانی داهاتووی پەرلەمان هەنگاوی روونترمان دەبێت بۆ میوانداری و ئەنجامدانی لێپێچینەوە لەگەڵ وەزیران و رەنگە لەگەڵ تێكڕای حكومەت بێت، ئێمەش لە هاوپەیمانی نەسر شوێنگرەوەی سەرۆكوەزیرانمان ئامادەیە. سەرەڕای پشتگیری گەل، دیدگای بەڕێوەبردنی وڵات و سەركردەیەكی خاوەن ئەزموون و سەركەوتوشمان هەیە".
وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر دەڵێت "هەموو فراكسیۆنەكانی دیكەش مافی خۆیانە كاندید پێشكەشبكەن، كێ متمانەی زۆرینەی بەدەستهێنا، پشتگیری دەكەین و هاوكات چاودێری خزمەتەكانی بۆ بەرژەوەندی وڵات دەكەین".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group