پەرلەمانتارێك: حكومەتی هەرێم ناتوانێت بڕیاری كۆتایی لە دۆسیەی نەوت بدات

24/08/2019
كاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان

نەوا
پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا دەڵێت، پێویست بوو حكومەتی نوێی هەرێم بۆ كەمكردنەوەی فشارەكانی سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی وەزیرانی عێراق پابەندبووایە بە بودجە و 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی رادەست بكردایە، هاوكات پێشیوایە كە حكومەتی هەرێم بەتەنها دۆسیەی نەوت بەڕێوەنابات و ناتوانێت بە تەنها بڕیار لە رادەستكردنی بدات.
كاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە رادیۆ نەوا راگەیاند: خەمساردییەكی زۆر هەیە لە لایەن هەرێمەوە بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجەی 2019، بۆ نمونە حكومەتی نوێی هەرێم دەیتوانی بۆ نیشاندانی نیازپاكی و پشتیوانی لە هەنگاوەكانی عادل عەبدولمەهدی و كەمردنەوەی فشارەكانی سەر ناوبراو، لەماوەی چەند مانگی رابردوودا دەست بكات بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
وتیشی: عادل عەبدولمەهدی خۆی ئاشكرای كردووە، كە بەپێی زانیاریەكانیان رۆژانە هەرێمی كوردستان 625 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، ئەگەر هەرێم 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات جگە لەو پارەیەی بەغدا بۆ موچە رەوانەی هەرێمی دەكات، پارەیەكی زیاتریش رەوانەی هەرێم دەكرێت كە لە ماوەی ساڵێكدا بڕەكەی دەگاتە زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار. 
سەبارەت بەو بەربەستانەی لەبەردەم حكومەتی هەرێمدان بۆرادەستكردنی نەوت بە بەغدا، كاوە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆرران بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند: "بەربەستەكە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم دۆسیەی نەوت بەڕێوەنابات، كۆمەڵێك سەری گەورەی حزبی، كۆمەڵێك گروپی مافیایی لە هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوت و بودجەی هەرێمیان بەدەستە و نایانەوێت رادەستی بكەن و هەر جارە بیانوویەك دەهێننەوە، جگە لەوە كۆمەڵێك لە كۆمپانیا گەورە بیانیەكان و كۆمەڵێك كۆمپانیای ناوخۆیی كە سەر بە حزبەكان و كەسەكانی ناو حزبەكانن ئەمانە هەر هەموویان بوونەتە هاوبەشی بڕیار لەو بابەتەدا".
بۆیە ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە هەروەك چۆن حكومەتی هەرێم لە نەوتەكەدا هاوبەشە، لە بڕیاردانیشدا هاوبەشە و ناتوانێت بە تەنها بڕیاری كۆتایی لە رادەستكردنی نەوت بە بەغدا بدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group