جوان زەنگەنە: نەتەوەیەكگرتوەكان بە جدی لەسەر خەتە بۆ چارەسەریی پرسی كەركوك

24/08/2019
جوان زەنگەنە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی یەكگرتوو

نەوا
ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك باس لەوەدەكات تا ئێستا یەكێتی و پارتی لەگەڵ نوێنەرانی سێ حزبی ناو لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە كۆبوونەوە، هاوكات بڕواشی وایە بە پێی رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی یان رێككەوتنی هەولێر و بەغدا كێشەی كەركوك و مادەی 140 چارەسەر دەكرێت.
جوان زەنگەنە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستی یەكگرتوو بە رادیۆ نەوای راگەیاند: پارتی و یەكێتی لە دوای دیاریكردنی كاندیدێكی كورد بۆ پۆستی پارێزگارەوە تائێستا تەنها لەگەڵ نوێنەرانی پارتی، یەكێتی و یەكگرتوو لە لیستی برایەتی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبوونەوە و دەنگۆی ئەوەش هەیە كە بەمنزیكانە نوێنەری حزبەكانی تری ناو ئەو لیستەش بەسەربكەنەوە.
سەبارەت بە ئاسۆی چارەسەركردنی پرسی كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیەش جوان زەنگەنە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ رادیۆ نەوا وتی: لەئێستادا فاكتەرێكی تر هەیە كە بەجدی هاتوەتە سەر خەت ئەویش نەتەوە یەكگرتوەكانە و كۆبوونەوەیەكی لە گەڵ لایەنە كوردیەكان كردووە و بە نیازە لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ پێكهاتەكانی تریش كۆببێتەوە.
وتیشی: ئەگەر كارێكی جدی هەبێت و رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی هەبێت لەسەر چارەسەركردنی رەوشی كەركوك، بارودۆخەكە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات و ئەگەر هەرێم و بەغداش لەسەر كێشەكانی خۆیان بگەنە رێككەوتن و خاڵی سەرەكیشیان بۆ دانوستان كەركوك بێت ئاسۆی چارەسەری زووتر دەردەكەوێت، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت دەبێت هەر چاوەڕێ بكەین، وەك چۆن لە 2007ەوە مادەی 140 چارەسەر نەكراوە، لەوانەیە بۆ 2020و زیاتریش چارەسەرنەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group