نۆ لیست بەشداری لە هەڵبژاردنی یەكێتی مامۆستایان دەكات

15/09/2019
عەبدولواحید موحەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان

نەوا-كاروان مەحمود 
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی یەكێتی مامۆستایان بەردەوامەو نۆ لیست داواكارییان پێشكەش كردووە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن و 77 هەزار مامۆستاش پێناسی یەكێتی مامۆستایانیان نوێكردووەتەوەو بەشداری پرۆسەكە دەكەن.
عەبدولواحید موحەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی یەكێتی مامۆستایان بەردەوامەو دوای ئەوەی وادەی هەڵبژاردنەكە دیاریكرا لە ئێستادا نۆ لیست داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكە ئەوانیش مامۆستایانی "یەكێتی، پارتی، یەكگرتوو كۆمەڵ، گۆڕان، سۆسیالیست، سەربەخۆكان، لیستی توركمان و لیستێكی كلدو ئاشوری"یش، ئەو لیستانەش تەدقیقیان بۆ كراوەو رەنگە لە یەك، دوو رۆژی داهاتوو رابگەیەنرێن و بەفەرمی بناسێنرێن.
راشیگەیاند، ئێستا لە قۆناغی رێكخستنەوەی تۆمارەكان و شوێنی هەڵبژاردنداین كە مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایان بڕیاریداوە 31ی تشرینی یەكەمی 2019 هەڵبژاردن بكرێت و پەنا بەخوا تا ئەوكات ئامادەكارییەكان كۆتایی دێت و پرۆسەكە بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە بەشداری مامۆستایان لە هەڵبژاردنەكەدا، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان وتیشی: "لەمانگی ئاب قۆناغی نوێكردنەوەی پێناسی مامۆستایانی ئەندام لە یەكێتی مامۆستایان كۆتایی هاتووەو 77 هەزار مامۆستا پێناسەكانیان نوێكردووەتەوەو دەتوانن بەشداری پرۆسەكە بكەن، ئێمە پێمان خۆشبوو وادەی نوێكردنەوەی پێناسی مامۆستایان زیاتر بێت چونكە داواكاری زۆربوو لەسەری بەڵام بەهۆی ئامادەكردنی لیستەكان بۆ هەڵبژاردن و ئامادەكردنی كارتی دەنگدان نەتوانرا كاتی زیاتر دیاریبكرێت، دوای كۆتایی هاتنی هەڵبژاردن هەر مامۆستایەك بیەوێت ببێتە ئەندام یاخود پێناسی نوێ بكاتەوە دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group