وەزارەتی ناوخۆ لە بارەی تەرخانكردنی پارە بۆ فستیڤاڵی فیلمی دهۆك روونكردنەوە دەدات

15/09/2019

نەوا
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەك لە بارەی نووسراوێكی بڵاودەكاتەوە كە ئاراستەی پارێزگای دهۆك كراوە و تایبەتە بە خەرجییەكانی حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆك.
لەروونكردنەوەكەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، "پارێزگاكان لەرێگەی وەزارەتی ناوخۆوە نووسراو ئاراستەی وەزارەتەكان دەكەن، ئەم نووسراوەش هی سەردەمی كابینەی هەشتەمە كە پارێزگای دهۆك داوای رەزامەندیكردبوو لە وەزارەتی دارایی و وەزیری پێشووی داراییش داوایكردبوو لەسەر بودجەی پارێزگا پارەكە خەرجبكرێت، بەڵام پارێزگای دهۆك وەڵامی نووسراوەكەی دابووەوە كە بودجەی پێویستیان نییە، بۆیە دواتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەزامەندی وەرگیراو لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە پارێزگای دهۆك ئاگادار كراوەتەوە لە رەزامەندییەكە.
جەختیش یكردۆتەوە، "وەزارەتی ناوخۆ پارەكەی خەرج نەكردووە، بەڵكو تەنیا پارێزگای دهۆكی لە رەزامەندییەكە ئاگادار كردووەتەوە".
ئەمەش دوای ئەوە هات كە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی پارێزگاری دهۆكی كردبوو، ئاگاداری كردبوەوە لە وەرگرتنی رەزامەندی خەرجكردنی 750 ملیۆن دینار بۆ حەوتەم فستیڤاڵی فیلمی دهۆك، لە بودجەی ساڵی 2019ی وەزارەتی دارایی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group