نەقیب سەركەوت ئەحمەد: هەوڵێكی دەرهێنان و فرۆشتنی ئاسەوارێك لە سلێمانی پوچەڵكراوەتەوە

16/09/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی 24 تۆمەتباری راگەیاند، كە یەكێك لەوانە هەوڵی دەرهێنان و فرۆشتنی ئاسەوارێكی داوە.
لەوبارەیەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، رۆژی 9-9-2019 زانیارییان پێگەیشتوە لەبارەی ئەوەی كەسێكی خەڵكی سلێمانی چەند گرتە ڤیدیۆیەكی بۆ كەسێكی ئێرانی ناردوە، كە شوێنەوارێك لەشاری سلێمانی هەیە تا ئەو كەسە بێت و بیبینێت و دەری بكەن و بیبەن بۆ وڵاتێكی دیكە، ئەو كەسە بەڕەگەز ئێرانییە شارەزایە لەدەرهێنانی ئاسەوارو شوێنەوارناسی، هەربۆیە سێ تۆمەتباری بە كرێ گرتوە و لەشوێنی روداوەكە سەرجەمیان دەستگیركران و دەست بەسەر ئەو ئامێرانەشدا گیرا، كە پێیان بوە. 
وتیشی "لە پرۆسەیەكی چاودێریكردندا، پێنج تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب بەتۆمەتی بازرگانیكردن بە ئەندامی جەستەی مرۆڤەوە لەشاری سلێمانی دەستگیركران، هەروەها تۆمەتبارێكیش دەستگیركراوە، كە ساڵێك پێش ئێستا رێگاپێدراوێكی پۆلیسی كوشتوە لەسەر رێگای سلێمانی-كەركوك و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".
نەقیب سەركەوت ئەحمەد باسی لەوەكرد، سێ ئافرەت چوار هەزار و 500 دۆلاریان دزیوە و جانتای ئافرەتانیان لەناو بازاڕی سلێمانیدا بڕیوە، هەربۆیە دەستگیركراون و سەرجەمیان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و بەندكراون. پێنج تۆمەتباری دیكە بەتۆمەتی دزیكردن لەكۆگایەكی كەلوپەلی بیناسازی و دزینی مۆبایل و ساختەكردنی گرێبەست دەستگیركراون، هاووڵاتیەكی عەرەبیش دەستگیركراوە كە بڕێك پارەی ساختەی لە باشورەوە هێناوە بە مەبەستی ساغكردنەوەی لە سلێمانی.
هەروەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوو تۆمەتباری دیكە دەستگیركراون، كە كاریان هاككردن بوە، یەكێك لە تۆمەتبارەكان دانی بەوەداناوە زیاتر لە 50 ئەكاونتی هاككردوە و لەبەرامبەردا داوای پارەو هەندێك كەلوپەلی كردوە.
هەر لە هەڵمەتەكانیاندا، هێزەكانی پۆلیس توانیویانە چەند تۆمەتبارێك بەتۆمەتی دزینی ماتۆڕسكیل و تەقەكردن و دزینی سێ ئۆتۆمبێل دەستگیربكەن، هەروەها دوو تۆمەتبار لەگەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە تۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستبەسەركراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group