دەرچویەكی پزیشكی: سەیرە كەس وەڵامی داواكارییەكانمان ناداتەوە

17/09/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
ئەمڕۆ دەرچوانی‌ سێ‌ بەشی‌ تەندروستی لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو دەرچویەكی‌ ساڵی‌ 2015 بۆ 2016ش دەڵێت "دەستوری‌ عیراق جەخت لە دامەزراندنمان دەكاتەوە، سەیرە كەس وەڵاممان ناداتەوە".
لەوبارەیەوە ئومێد ئازاد نوێنەری خۆپیشاندەران بۆ رادیۆ نەوا وتی "هەرسێ بەشی دەرمانسازی‌، ددان و پەرستاری‌ بۆ حەوتەمینجار كۆدەبینەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرەتایترین مافەكانمان كە دامەزاندنە، لەئێستاشدا چوار وەجبە خوێندكاری دانەمەزراومان هەیە و چاوەڕێی دامەزراندن دەكەن".
لەلایەكی دیكەوە هاوڕێ‌ حەمەشوان دەرچوی‌‌ بەشی‌ دەرمانسازی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بە رادیۆ نەوای راگەیاند، ناڕەزاییەتی ئەمڕۆیان لە بەرانبەر دانەمەزراندنیانە و داوا لە سەرۆكایەتی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران دەكەن هەوڵبدات بۆ دامەزراندنیان. وتیشی "زیاتر لە هەزار و 500 دەرچوین و ئەم ژمارەیەش تادێت زیاد دەكات، چونكە ساڵانە خوێندكاری ئەو سێ‌ بەشە پرۆسەی خوێندن تەواو دەكەن، بۆیە پێویستە حكومەت پلانی‌ بەپەلەی‌ بۆ دەرچوان و بۆ خودی‌ ئەو بەشانەش هەبێت".
ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی دەستوری‌ عیراق دەرچوەكانی‌ بەشی‌ دەرمانسازی‌ و پەرستاری‌ و ددان دەبێت دوای‌ دەرچونیان راستەوخۆ دابمەزرێن، لەبەرئەوەی‌ بتوانن پیشەكەی‌ خۆیان پیادە بكەن.


 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group