ساڵ بە ساڵ رێژەی توشبون بە تالاسیمیا لە هەرێمی كوردستاندا كەمدەبێتەوە

17/09/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
رۆژی سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە رێگای سیمینارێكی تایبەت بە نەخۆشی تالاسیمیا، مامۆستایانی ئایینی و دادگای كۆكردەوە و بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیا و نەخۆشیە بۆماوەییەكانیش رایگەیاند، ساڵ بە ساڵ رێژەی توشبون بە تالاسیمیا لە هەرێمی كوردستاندا كەمدەبێتەوە.
لوقمان خالید بەڕێوەبەری سەنتەرەكە لەسیمینارەكەدا ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێم نزیكەی سێ هەزار نەخۆشی توشبو بە تالاسیمیا هەیە و لەو رێژەیەش هەزار و 300 توشبوو لە شاری سلێمانیدان. كۆمەڵگای ئێمە هەڵگری سیفەتی تالاسیمیای تێدایە، بۆ رێگەگرتن لە نەوەی نوێ بۆئەوەی توشی ئەو نەخۆشیە نەبن، پێویستی بە چەند رێگا چارەیەكە كە گرنگترینیان پشكنینی پێش هاوسەرگیریە لەگەڵ ئەوەدا هەنگاوێكی تر نراوە ئەویش پشكنینی كۆرپەلەیە پێش لەدایكبون. وتیشی "باشتروایە لەدوای دەركەوتنی نەخۆشیەكە لە پشكنین ئەو هاوسەرگیریە ئەنجام نەدرێت، ئەگەر هاوسەرگیرییەكە كرا پێویستە منداڵیان نەبێت، یاخود دەتوانرێت پشكنین بۆ كۆرپەلەكە بكرێت پێش لەدایكبون ئەگەر هاتوو كۆرپەلە توشبوبێت بە تالاسیمیا ئەوكات بەپێی شەرع و فتوای ئایینی لەباردەبرێت، هەموو ئەمانە رێگا چارەیەكی لاوازن لەبەردەستمانە بۆ رێگریكردن لەو نەخۆشییە".
ئاشكراشیكرد، لەپێش ساڵانی2007 رێژەی لەدایكبوانی نەخۆشی تالاسیمیا نزیكەی 70 نەخۆش بوە لەساڵێكدا، بەڵام بەهۆی پشكنینی پێش هاوسەرگیری و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری ئاستەكە بۆ ساڵی 2018 گەیشتۆتە 5 كەس و  بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەكەین بە هەمان رێژەی ساڵی رابردو بێت.
لای خۆیشیەوە نیاز هەورامی مامۆستای ئایینی بەرادیۆ نەوای راگەیاند، یەكێتی زانایانی ئایینی و لیژنەی باڵای فتوا پرۆژەیاسایەكی ئامادەكردبوو لەسەر رێگاپێدراوی شەرعی بۆئەوەی هاوئاهەنگی زیاتر هەبێت پێش ئەوەی نەخۆشییەك بڵاوبێتەوە بتوانین رێگای لێبگرین، سیمینارەكەی ئەمڕۆش زیاتر راوێژكاری بوو بۆئەوەی مامۆستایانی ئایینی گرێبەستی هاوسەرگیری نەكەن تا پشكنینی خوێن بكرێت، هەروەها دروستكردنی پەیوەندیەكی باشتر لەنێوان تەندروستی و دادگا و مامۆستایانی ئایینی دروست بێت.
وتیشی "هەندێكجار مامۆستایانی ئایینی روگیر دەبن، چونكە هەموو شتێك تەواو بوو ئینجا دەڵێن مامۆستا وەرە تۆش گرێبەستی هاوسەرگیرییەكە بكە، لەئێستادا رێژەیەكی كەمی مامۆستای ئایینی پارە وەردەگرن بەرانبەر ئەو گرێبەستەی دەیكەن".
لەلایەكی ترەوە دادوەر كامەران حەسەن ئەندامی دادگای تاوانەكانی سلێمانی بۆ رادیۆ نەوا وتی "هەماهەنگی لەنێوان دادگا و مامۆستایانی ئایینی لاوازەو یاساش رێگری كردوە بۆ بڵاونەبونەوەی، لە مادەی 10ی یاسای باری كەسێتیدا دەڵێت (ئەو كچ و كوڕەی دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەن پێویستە سەرەتا لە لیژنەی پزیشكی راپۆرتێك بهێنن)، كە هیچ رێگریەك نییە بۆ ئەو هاوسەرگیریە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group