گەشتوگوزار لە وەبەرهێنانی هەرێمدا پلەی یەكەمی تۆماركرد

18/09/2019

نەوا
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، داهاتی كەرتی گەشتوگوزار لەساڵی 2019دا زۆر بەرزبوەتەوەو ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركردوە، بەجۆرێك لە وەبەرهێنانەكانی هەرێمی كوردستاندا پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، لەساڵانی رابردودا لەلایەن سەرمایەداری بیانی و ناوخۆیی وەبەرهێنان لەكەرتی جۆراوجۆردا كراوە بەتایبەت لە كەرتی نیشتەجێكردن و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاردا، بەپێی زانیاریەكانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانیش كەرتی گەشتیاری، كە لە پلەی چوارەمدا بوو ساڵ دوای ساڵ بەرزبۆتەوە و هاتۆتەپێشەوە.
روونیشكراوەتەوە، لەساڵی 2013دا كەرتی گەشتیاری گەیشتە ئاستێكی بەرز و لە 26%ی وەبەرهێنانی پێكهێنا، بەڵام ساڵی 2019 ئاستی وەبەرهێنان لەو كەرتەدا زۆر جیاوازترە و لە 8 مانگی رابردودا زۆر بەرزبۆتەوە، بەوپێیەش ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد و بوو بەیەكەم كەرت و بەڕێژەیەكی زۆر جیاواز پێش كەرتەكانی دیكە كەوت، كە لە 38%ی تۆماركردوە.
بەپێی داتاكان، بڕی پارەی داهاتی كەرتی گەشتوگوزار گەیشتوەتە نزیكەی یەك ملیار دۆلار، ئەوەش بە ژمارەیەكی پێوانەیی زۆر گرنگ وەسف دەكات، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەكی زۆریش پڕۆژە هەیە، كە لەسەر زەوی گەشتوگوزارو شارەوانی كراون و لەدەستەی وەبەرهێنان تۆمارنەكراون، هەندێك پڕۆژەی دیكەش هەن لە مامەڵەدان و تۆمارنەكراون، كاتێك سەرجەمیان تۆماردەكرێن رێژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری بەرزدەبێتەوە بۆ زیاتر لە 50%.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group