بزوتنەوەی ئیبدال: عیراق بیەوێت لە سعودیە بدات بەئاشكرا لێی دەدات

18/09/2019 عێراق

نەوا
كەمال حەسناوی جێگری ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی ئیبدال كە بزوتنەوەیەكی چەكداری عیراقییە دەڵێت، ئەگەر عیراق بیەوێت لە سعودیە بدات ئەوە بەئاشكرا لێی دەدات و نایشارێتەوە، داواش لە سعودیە دەكات بەشێوەیەكی هەڵەشە عیراق تۆمەتبار نەكات.
حەسناوی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەو هەواڵانەی باس دەكرێن گوایە لە ناوچەی ئەلبوكەمالی سوریا لەسەر سنورەكانی عیراق هێرش كراوەتەسەر حەشدی شەعبی راست نییە و بارودۆخەكە جێگیرەو هیچ شتێك روینەداوە.
سەبارەت بەهێرشەكانی سەر دامەزراوە نەوتیەكانی سعودیە و تۆمەتباركردنی ئێرانیش، ئەو بەرپرسەی بزوتنەوەی ئیبدال پێمیوانییە ئێران ئەو هێرشەی ئەنجام دابێت بەنهێنی، چونكە تاران توانای ئەوەی هەیە بە ئاشكرا هێرش بكات و وەڵام بداتەوە.
وتیشی "سعودیە دەزانێت تواناكانی ئێران چەندە، ئەوەش ئاشكرایە كە ریاز كارە دوژمنكارەكانی بەرامبەر یەمەن دەستپێكرد و سروشتیە یەمەن وەڵامی بداتەوە". لەو روانگەیەشەوە داوا لە بەرپرسانی سعودیە دەكات بەهەڵەشەیی عیراق و ئێران تۆمەتبار نەكات، چونكە عیراق خاوەنی سەروەری و هێزەو دەتوانێت وەڵامی هەر كارێكی دوژمنكارانە بداتەوە بەئاشكرا و پێویستی بەشاردنەوەی نییە، بۆیە جەختدەكەنەوە ئەوان هێرشیان نەكردوەتەسەر سعودیە، پێویستە ئەو وڵاتەش شێتی و سەركێشی و گرەوەكانی كە هیچ سودێكیان نییە، واز لێبهێنێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group