نەوەی نوێ: زووە بۆ بڕیاردان لەسەر یەك لیستی لە كەركوكدا

18/09/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەڵامی یەك لیستی هێزە كوردستانییەكان لە كەركوك دەداتەوە و بەرپرسێكی ئەو جوڵانەوەیەش دەڵێت "تائێستا بڕیارمان نەداوە، چونكە سیاسەتی یەكێتی و پارتی لە كەركوك جیاوازە لەوەی لە هەرێم دەگوزەرێت".
كاوە عەبدولقادر ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، داوای زۆریان پێشكەشكراوە بەیەك لیست لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بكەن، بەڵام جوڵانەوەكەیان پێیوایە زووە بڕیار لەو یەك لیستییە بدەن و ئەو بابەتە پێویستی بە زەمینەسازی و كاتی زیاتر هەیە.
وتیشی "ئەو ئیرادەیەی یەكێتی و پارتی هەیانە بۆ یەك لیستی لە كەركوك بەداخەوە لە هەرێم نایبینین، تائێستاش لەسەر سیاسەتە هەڵەكانیان بەرانبەر لایەن و حزبەكان بەردەوامن و لەسەر سیاسەتی سڕینەوە و رەتكردنەوەی بەرانبەرەكەیان درێژە بە كارەكانیان دەدەن بەتایبەت ئەو هێزە سیاسیانەی ئۆپۆزسیۆنبونی خۆیان راگەیاندوە.
باسی لەوەشكرد، تائێستا بڕیاری بەشداریكردنیان لەگەڵ لایەنەكانی تر نەداوە و لە داهاتودا بڕیار دەدەن و بڕیارەكەش بەپێی بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان دەبێت.
سەبارەت بە داواكاری خەڵكی كەركوكیش بۆ یەك لیستی هێزە كوردستانییەكان، كاوە عەبدولقادر وتی "ئەو هێزانەی خۆیان بە نوێنەری خەڵكی كەركوك زانیوە لەكۆتاییدا خزمەتی كەركوكیان نەكردوە، تاقیكردنەوەی شكستخواردوی 15 ساڵی حكومڕانی یەكێتی و پارتی لە كەركوك ئەوە دەردەخات ئەو یەك لیستی و هاودەنگیەی ئەوان نەیتوانیوە خزمەتی هاووڵاتیانی كەركوك بكات".



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group