د.فەرهاد پیرباڵ بە كەفالەت ئازادكرا

18/09/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
دوای مانەوەی بۆ ماوەی نزیكەی دوو مانگ لە زیندانی راگیراوانی هەولێر، رۆژی چوارشەممە 18-9-2019 د.فەرهاد پیرباڵ نوسەر و مامۆستای زانكۆ تا رۆژی دادگاییكردنەكەی بە كەفالەت ئازادكرا.
لەوبارەیەوە رەسوڵ حسێن رەسوڵ، كە بریكارنامەی كەفالەتی بۆ فەرهاد پیرباڵ كردوە، لەلێدوانێكدا بە رادیۆ نەوای وت "لەسەر رێكارە یاساییە بەركارەكانی كوردستان رێوشوێنی یاساییمان گرتەبەر بۆ ئازادكردنی د.فەرهاد پیرباڵ لە زیندانی راگیراوان تا ئەوكاتەی دادگایی دەكرێت".
وتیشی "د.فەرهاد پیرباڵ لەسەر سكاڵای ناوەندی ماڵی وەفایی دەستگیركرابو، هەربۆیە لە زیندان راگیرابوو، دوای ئەوەی زۆر هەوڵماندا كە ماڵی وەفایی دەست لە داواكەیان بكێشنەوە، بەڵام نەیانكرد، بۆیە بە رێكارەكانی دیكەی یاسا ئەو كارەمانكرد و ئێستاش د.فەرهاد پیرباڵ لە زیندان هاتوەتە دەرەوە".
باسی لەوەشكرد، رۆژی 1-10-2019 د.فەرهاد پیرباڵ لەبەردەم دادوەر ئامادە دەبێت بۆ دادگاییكردن لەسەر ئەو دۆسیەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group