كۆبوونەوەكان لەسەر دیاریكردنی پارێزگارو ئاسایی كردنەوەی رەوشی كەركوك راگیراون

18/09/2019
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی

نەوا-كاروان مەحمود
ماوەی ئەو 45 رۆژەی یەكێتی و پارتی بۆ دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك لەسەر رێككەوتبوون كۆتایی هاتووەو تائێستاش پارێزگار دیاری نەكراوەو ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ ئاسایی كردنەوەی رەوشی كەركوكیش دەڵێت: "لەئێستادا كۆبوونەوەكان راگیراون و چاوەڕوانی بڕیاری دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان دەكرێت".
لەبارەی دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك و گفتوگۆی نێوان لایەنەكان بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركوك بە رادیۆ نەوای راگەیاند، دوای ئەوەی هەردوو لیژنەی پارتی و یەكێتی بۆ ئەو مەبەستە دیاریكرا كۆبوونەوەمان لەگەڵ پێكهاتەكان كرد و هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان وت كە دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك شتێك نییە پەیوەستبێت بەلایەنێك راستە كورد زۆرینەیە، بەڵام كەركوك لەم دۆخە دەبێت پارێزگارێكی هەبێت كە هەموولایەك لەسەر رێكبكەوین، بۆئەوەش ئێمە سەردانی لایەنەكانمان كرد لە بەغداو باس لەوەكرا وەڵاممان دەدرێتەوە بەڵام تائێستا وەڵامی ئەوانمان پێ نەگەیشتووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا راشیگەیاند، كۆبوونەوەكان لەئێستادا راگیراون و دەبێت هەردوولایەن"پارتی و یەكێتی" بڕیار لەسەر كاراكردنەوەی كۆبوونەوەكان بدەن.
ئەندامەكەی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ ئاسایی كردنەوەی رەوشی كەركوك باسی لەوەشكرد، ئایا لە غیابی عەرەب و توركمانەكان مەبەست جەبهەی توركمان و بەشێك لە عەرەبەكان بڕیار دەدرێت بۆ دانانی پارێزگار، چونكە لەناویان خەڵكێك هەیە پێیان باشە رێككەوتن لەگەڵ كورد بكرێت و بەشێك دژی ئەوەن بۆ هەردوو حاڵەتەكەش دەبێت قیادەی سیاسی بڕیاربدات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكرێت هەروەها دەبێت ئەوە دیاری بكرێت ئالیەتی دانانی پارێزگاری كەركوك چۆن دەبێت؟ چونكە دۆخی پارێزگاكەش لە رووی ئەمنییەوە ئاسایی نەكراوەتەوە، بۆ ئەوەش لە ئێستادا چاوەڕوانی ئاماژەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group