هەولێر..یەكەمین كۆنفرانسی زانستە پزیشكییەكان دەستی بەكارەكانی كرد

19/09/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
بەمەبەستی گەیاندنی دوایین توێژینەوە زانستییەكانی بواری پزیشكی و چۆنێتی سودوەرگرتنی پزیشكانی كوردستان لەو توێژینەوانە، یەكەمین كۆنفرانسی زانستی پزیشكی لە كوردستان دەستی بەكارەكانی كرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
لەوبارەیەوە دكتۆر كارزان محەمەد سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە لەلێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان وتی "یەكەمین كۆنفرانسە، كە لەسەرئاستی زانستی پزیشكی لە كوردستاندا رێكدەخرێت، ئامانجمانە ئەو زانایانەی لە زانكۆو تاقیگەكاندا كاردەكەن و توێژینەوەو بیردۆزی تازەیان هەیە، دوایین زانستی پشكنین و چارەسەر لە تەندروستیدا پێشكەشی پزیشكانی كوردستانی بكەن".
 وتیشی "چوار زانكۆی كوردستان و زانكۆیەكی ئێران و زانكۆیەكی فینلەندا بەشدارن لە كۆنفرانسەكەدا، هەروەك زیاتر لە 12 كەس لە وڵاتانی جیاجیاوە هاتون و 234 توێژەریش بەشێوەیەكی گشتی بەشدارن، 12 پێشكەشكاری جیهانی ئاستبەرزیش دوایین پێشهاتەكانی بواری پزیشكی پێشكەش دەكەن و دواتر لەماوەی دوو رۆژدا توێژینەوەكان دەخەنەڕو".
سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە باسی لەوەشكرد، ئێستا لەكابینەی نوێدا گرنگی زۆر بەكەرتی تەندروستی دەدرێت و وەزارەتەكانی تەندروستی و كۆمەڵایەتی و پلاندانان لەم كۆنفرانسەدا شوێنیان هەیە تا بتوانن دوایین هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی توێژینەوەكان بكەن.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group