مەحموود محەمەد: نابێت هەندێك رووداو كاریگەرییان لەسەر یەكڕیزیی پارتی و یەكێتی هەبێت

21/09/2019
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

نەوا
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەو دۆخەی كوردستان و ناوچەكەی تێدایە دەخوازێت هەندێك بابەت تێپەڕێنین و نابێت هەندێك روداو كاریگەرییان لەسەر یەكڕیزی نێوان پارتی و یەكێتی هەبێت.
سەبارەت بەكێشەكانی ئەم دواییەی نێوان پارتی و یەكێتی مەحمود محەمەد لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە" ئەو دۆخەی كوردستان و ناوچەكەی تێدایە، دەخوازێت كە هەندێك بابەت تێپەڕێنین كە ئەو روداوانە بەشێوازێك رەفتاریان لەگەڵ بكەین كە هەم وا بكەین جاری تر دوبارەنەبنەوەو نەبنە هۆی دروستكردنی رێگر لەبەردەم یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆیی نێوانمان، هەم ئەو ئامانجانەی كە دامانڕشتوە لەو رێككەوتنەی كە لەنێواندا هەیە، چونكە رێككەوتنەكە بۆ ئەوەیە بتوانین چۆن ئەم وڵاتە بەرەوپێشەوە بەرین، وابكەین هاوشان لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی لەناوچەكە هەن بەرەوپێشەوە بڕۆین و زیان بە نەتەوەكەمان و نیشتمانەكەمان نەگات.
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راشیگەیاند، "بۆیە دەبێت ئێمە هەمو لایەكمان لەوە بەرزتربین كە نەهێڵین ئەم كێشانە كاریگەریان لەسەر رەوتی پێشكەوتنی رەوتی پێكەوەژیان و یەكتر قبوڵكردن بكەن."
هێمای بۆ ئەوەش كرد كە هەڵوێستی خۆیان لەسەر كێشەكان گەیاندۆتە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و وتیشی"ئومێد دەكەین كە هیچ كێشەیەكی ئەوتۆ رونەدات."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group