پەرلەمانی عیراق لیژنەیەك بۆ ئاشكرا كردنی راستی لێدوانی بەرپرسانی هەرێم و بەغدا پێكدەهێنێت

21/09/2019
غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

نەوا-كاروان مەحمود 
رۆژی شەممە لە كۆبوونەوەی لیژنەی نەوت و وزەو سەرچاوە سروشتیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاردرا لیژنەیەك بۆ بەداواداچوونی راستییەكان لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و لێدوانی دژ بەیەكی بەرپرسانی حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و ئەندامێكی لیژنەكەی دەڵێت: "لەماوەی دوو هەفتە دەبێت راپۆرتی لیژنەكە ئامادە بكرێت".
غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لە كۆبوونەوەی لیژنەكەمان داواكرا لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ پرسی دەركەوتنی راستییەكان لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت و بەدواداچوون لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا بكات چونكە هەر لایەنێك لێدوانی جیاوازیداوە لەبارەی هەناردەكردنی نەوت و فرۆشتنی و لەسەر قەرزەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند.
وتیشی: "لیژنەكە لە حەوت ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێكهاتووەو دوو پەرلەمانتاری كورد لە لیژنەكەدایەو دەبێت لەماوەی دوو هەفتە راپۆرتی كۆتایی لەوبارەیەوە بدرێتە لیژنەی نەوت و وزەو پەرلەمانی عیراق بەگشتی تاوەكو لە بودجەی 2020 جێگیربكرێت چەند نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت و چۆن رادەستی بكات و چەندی بۆ دیاریبكرێت لەوچوارچێوەیەدا، ئەوەش یەكێك بوو لەو پرسە گرنگانەی كە دەبوو زوتر بەدواداچوونی لەسەر بكرێت".

غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ رادیۆ نەوای زیاتر دواو وتیشی: "یەكێك لەپرسەكانی كە ئەوەبوو كە میوانداری كراوین لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداریكردن لەكۆبوونەوەیەك بەبەشداری جێگرەكەی و وەزیری دارایی و زۆرینە پێی باش بوو ئێمە بەشداری نەكەین لەو كۆبوونەوە بڕیاردرا تاوەكو ئەنجامی ئەو راپۆرتە ئامادەی كۆبوونەوە نەبین ئەگەر دواتر پێویستی كرد بۆ رونكردنەوە لەسەر ئەو راپرۆتەی لیژنەكە ئامادەی دەكات بانگێهشتیان دەكەین بۆ بەغداو ئاگاداریان دەكەین لە راستی پرسەكان كە پێویستە هەردوولا "حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم" رێكبكەون لەسەر ئەو ژمارانەی ئاشكرا دەبێت لەلایەن لیژنەكەوە".
راشیگەیاند، ئەوەی گرنگە راستیەكان ئاشكرا بكرێت و هاووڵاتیان و مووچە خۆران لە ململانێیەكان دروبخرێنەوەو ئەگەر كێشەیەك هەبێت خۆ هاووڵاتی هەرێم لەچوارچێوەی عیراقدان و هیچ دەسەڵاتیان نییە و بەرپرس نین لە دزی و گەندەڵی، نە چەك و نەهێزیشیان هەیە ئەگەر رێوشوێنێك دەگیرێتەبەر لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێت كە هۆكاری گرفت و كێشەكانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group