وەزیری ناوخۆ: روداوەكەی سماقوڵی هیچ دەستێكی لە پشتەوە نەبووە

21/09/2019

نەوا
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم دەڵێت، رووداوی رێگری كردن لە مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بازگەی سماقوڵی نەخوازراوبووە و هیچ دەستێكی لە پشتەوە نەبووە، باس لەوەشدەكات كە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەكەن كە لە پشت تەقەكردنەوەن لە بارەگای حزبەكان.
رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر وتی: "تەقەكردن لە بارەگاكان پێچەوانەی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و جەختیشیكردەوە رووداوەكەی سماقوڵی هیچ دەستێكی لە پشتەوە نەبووە و رووداوێكی نەخوازراو بووە و پرسەكەش چارەسەر دەبێت".
وەزیری ناوخۆ حكومەتی هەرێم باسی لەوەشكرد، كە هەر لایەنێك لە پشت تەقەكردن لە بارەگاكانەوە بێت، ئەوا بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
رۆژی پێنجشەممە 19 ی ئەیلول راگەیەنرا كە لە بازگەی سماقوڵی رێگری لە مەحمود سەنگاوی كراوە بچێتە هەولێر و شەوی پێنج شەممە بەرپرسانی پارتی لە سلێمانی باسیان لەوەكرد كە تەقە لە بارەگای لقی چواری حزبەكەیان كراوە و شەوی هەینیش بەرپرسانی یەكێتی ئاماژەیان بەوەكرد لە هەولێر تەقە لە دوو بارەگایان كراوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group