بڵێسە جەبار فەرمان: تا ئێستا نەتوانراوە دوو ئیدارەیی لە زهنی تاكی كورددا بسڕدرێتەوە

21/09/2019
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی پەڕلەمانی عیراق

نەوا
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت،"بەدرێژایی ئەو هەموو ساڵەی دوای ڕاپەڕین دەستكەوتی حكومەتی كوردستان كاڵكردنەوەی ئینتمای نەتەوەیی و پەرەپێدان بە دوو ئیدارەیی لە فكری تاكی كوردا بووە".
بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، "بەداخەوە دەبێت دان بەوەدا بنرێت، كە تائێستا حوكمی كوردی حوكمێكی سەركەوتوو نەبووە بە ئاستی خواست و ویست و تائێستا نەتوانراوە دوو ئیدارەیی لە زهنی تاكی كورددا بسڕدرێتەوەو پارێزگاكان و زاراوەكان هیچ تەماسێكیان بەیەكەوە نیە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی جەختی كردۆتەوە، "ئەبێت ئەو ڕاستیە بوترێت، كە بە درێژایی ئەو هەموو ساڵەی دوای ڕاپەڕین دەستكەوتی حكومەتی كوردستان كاڵكردنەوەی ئینتمای نەتەوەیی و پەرەپێدان بەدوو ئیدارەیی لە فكری تاكی كوردا بووە".
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەتا دوای چەندەها ڕێككەوتن و هاوپەیمانی و هەڵبژاردن و باسكردن لە دیموكراسی دێن و بی هیچ بنەمایەك ڕێگا لە هاووڵاتیەك دەگرن بەچوونی بۆ پایتەخت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ڕۆژی پێنج شەممە لە بازگەی سماقوڵی ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرا بچێتە هەولێر و دوابەدوای ئەوەش سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی ڕایگەیاند، كە تەقە لەبارەگای لقی چوار كراوەو شەوی هەینیش تەقە لە دوو كۆمیتەی یەكێتی لە هەولێر كرا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group