رێبوار تاڵەبانی: پرۆسەی بەعەرەبكردنی كەركوك بەردەوامە

21/09/2019
ڕێبوار تالەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت

نەوا
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دانوستانەكانی هەرێم و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووك بەردەوامن. دەشڵێ، ئەوەی لە كەركووك ڕوو دەدات پێچەوانەی دەستوورە و ناسنامە بە عەرەبی هاوردە دەدرێت.
ڕێبوار تالەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە وەكالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوە: "دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووكەوە بەردەوامن، بەڵام بە كردار هێشتا هیچ هەنگاوێك بۆ ئاساییكردنەوەی ڕەوشی كەركووك نەنراوە، چونكە پرسی ئاساییكردنەوەی كەركووك دەبێ لە چەند لایەنی سیاسی و ئەمنی و ئیدارییەوە جێبەجێ بكرێت."
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەشڵێت: "پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك بەردەوامە لەسەر عەرەباندنی كەركووك و بە پیلان كار بۆ گۆڕینی دیموگرافیای پارێزگاكە دەكرێت، لە زۆربەی ناوچەكانی عێراقەوە عەرەب هاوردەی كەركووك دەكرێت و ناسنامەشیان پێ دەدرێت."
ڕێبوار تالەبانی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لە كەركووك دەكرێن پێچەوانەی دەستوور و ماددەی 140ی دەستووری عێراقن. بۆ نموونە، ئێستا ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك زەوی بەسەر جووتیارانی عەرەبدا دابەش دەكات، لە كاتێكدا ئەو زەوییانە گرێبەستەكانیان بەپێی یاسا هەڵوەشاوەتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group