بەرپرسێكی پارتی: كورد یان بەشداری لە هەڵبژاردندا ناكات، یان یەك لیستی دەبێت

22/09/2019

نەوا
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرایكرد، كورد یان بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركووك ناكات، یانیش ئەگەر بەشدارییكرد یەك لیستی دەبێت. 
دیاری حوسێن جێگری بەرپرسی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك–گەرمیان، بەماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی راگەیاندووە: "ئێمە بڕیارمانداوە وەك كورد، یان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقدا ناكەین، یانیش هەموو بەیەك لیست بەشداریدەكەین، چونكە نابێت بەو ڕەوشە ئاڵۆزەی كەركووكەوە هەر لایەنە و بەجیا بەشداری لە هەڵبژاردنی مانگی نیسانی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا بكەین."
بەرپرسەكەی پارتی دەشڵێت: "كورد ئەم جارە لە كەركووك یەكگرتووە و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ پێكهێنانی لیستێكی كوردی بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هێشتا كۆبوونەوەی دیكە ماوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق."
دەربارەی زیانەكانی لیستی جیا، دیاری حوسێن ڕوونی كردەوە: "بێگومان كەركووك لەژێر تەعریبێكی گەورەدایە و یاسای هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەگەر بێت و هەر لایەنە و بەجیا بەشدار بێت، دەنگی كورد بەهەدەر دەڕوات و زیانی زۆری بۆ كورد دەبێت و كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیەو ئەنجامەكەی بەدڵی كورد نابێت."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group