پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك گومانی دروستكردووە

26/09/2019
جوان حەسەن ئەندامی لیستی برایەتی

نەوا
لیژنەیەك بۆ وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك پێكهاتووەو ئەندامێكی لیستی برایەتیش ئاشكرایكرد، هیچ ئەندامێكی كوردو توركمان لەنێو لیژنەكەدا نین، لەبەر ئەوە گومان لە كارەكانی دەكرێت.
جوان حەسەن ئەندامی لیستی برایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: "لە بەغداوە لیژنەیەك بەمەبەستی وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك پێكهاتووە، بەڵام ئەندامانی لیژنەكە هەمووی عەرەبن و هیچ ئەندامێكی كورد و توركمانی تێدا نییە، ئەوەش هێندەی تر گومانی خستووەتە سەر تۆماری دەنگدەران و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، كە بڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو بەڕێوە بچێت".
ئەندامەكەی لیستی برایەتی وتیشی: "كورد و توركمان دوو پێكهاتەی سەرەكیی پارێزگای كەركوكن و زۆرینەی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاكە پێك دێنن، نەبوونی ئەندامی كورد لە لیژنەی وردبینیدا مەترسیی بۆ سەر تۆماری دەنگدەران هەیە كە لە بەرژەوەندیی پێكهاتەیەك دەستكاری بكرێت".
جوان حەسەن روونیشیكردەوە، "دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 عەرەبێكی زۆر لەناوچەكانی دیكەی عیراق هاوردەی كەركوك كراون و لەرێگەی فۆڕمی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانییەوە كارئاسانییان بۆ كراوە، تا لەهەڵبژاردن بەشداری بكەن و مافی دەنگدانیان هەبێت، ئەمە لەكاتێكدایە رەوشی كەركوك جیاوازە لەهەموو پارێزگاكانی دیكەی عیراق و پێویستە هەڵبژاردن بە پڕۆسەیەكی شەفاف و دوور لە دەستوەردان و ساختەكاری بەڕێوە بچێت، نەك هەر لەئێستاوە گومانی دیكەیشی بۆ زیادبكرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group