ژمارەیەك ژنە داعش لە كەمپی هۆل هەڵاتن

10/10/2019

نەوا
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد، لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی توركیا ژمارەیەك ژنە چەكداری داعش لە كەمپی هۆل لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا هەڵاتون.
ئەو روانگەیە لەبەیاننامەیەكدا پشتی بەسەرچاوەكانی هەواڵی سوریا بەستوە، كە باس لەوەدەكەن ژمارەیەك ژنە ئەندامی رێكخراوی داعش توانیویانە لە كەمپی هۆل هەڵبێن و رابكەن.
ئەوەش رونكراوەتەوە، كە ئەو ژنانە دوای ئەوەی هێرشیان كردوەتەسەر پاسەوانەكان و ئاگریان لە كەمپەكە بەرداوە، رایانكردوە، بەڵام هیچ زانیاریەك لەسەرئەوە نییە، كە قوربانی هەبوە یان نا.
بەپێی زانیاریەكان، كەمپی هۆل، كە لەلایەن هێزەكانی سوریا دیموكراتیك "هەسەدە"وە بەڕێوەدەبرێت، نزیكەی 70 هەزار ژن و منداڵی داعشی تێدایە و دەستبەسەرن.
دوو بەرپرسی ئەمریكی و سەرچاوەیەكی سەربازیی كوردیش پێشتر رایانگەیاندبو، بەهۆی هێرشی توركیاوە هێزە كوردیەكان ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی چەكدارانی داعش راگرتوە، چونكە لەگەڵ هێرشی توركیا ئەستەمە ئەو پرۆسانە بەردەوامبن و هێزە كوردیەكان لەسەر سنورەكان بۆ بەرپەرچدانەوەی توركیا كۆبونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group