رادیۆ نەوا داواكاری نەخۆشخانەكانی رۆژئاوای گەیاندە بانكی خوێنی سلێمانی

14/10/2019

نەوا-لاڤە كوردە 
رادیۆ نەوا داواكاری نەخۆشخانەكانی رۆژئاوای كوردستانی گەیاندە بانكی خوێنی سلێمانی، كە كیسی خوێنیان بۆ دابین بكرێت و بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانیش رەزامەندی بەدەنگەوەچونی بانگەوازەكەی نیشاندا.
د.كەلسوم رەسوڵ بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانی لەڕێی بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەواوە سەبارەت بە پێویستی نەخۆشخانەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ كیسی خوێن وتی "لە كەناڵەكەی ئێوەوە رایدەگەیەنم ئامادەم چەند كیسەیان بوێت بۆیان دابین بكەم، بەڵام دەبێت لە رێگەی نوێنەرایەتی رۆژئاواوە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆكەوە داواكە بكەن و چەندیان پێویست بێت دەینێرین، چونكە خەڵكی رۆژئاوا لە ژێر بۆردومانێكی سەختدان".
هەر بۆ هاوكاری بریندارانی رۆژئاوای كوردستان، خەڵكی هەرێم ئامادەی خوێن بەخشینن و لەوبارەیەوە د.هۆشیار یاسین بەڕێوەبەری بانكی خوێنی هەولێر لە بەرنامەكەدا وتی "هەڵمەتێكی خوێن بەخشین بەڕێوەچووە و لەلایەن كوردانی رۆژئاواو خەڵكی هەولێریشەوە 240 بوتڵ خوێن بەخشرا، ئەوەش بەمەبەستی ئامادەكردنیەتی بۆ ئەو كەسانەی خوانەخواستە ئاوارەی هەرێم ببن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group