زریانێك گیانلەدەستدانی 67 ژاپۆنی لێدەكەوێتەوە

15/10/2019 جیهان

نەوا
ماوەی چوار رۆژە زریانی هاگیبیس ژمارەیەك ناوچەی ژاپۆنی گرتوەتەوە و ژمارەی قوربانییەكانیشی بەرزبوەتەوە.
لەوبارەیەوە رادیۆی نیشتمانیی ژاپۆن بڵاویكردەوە، بەهۆی زریانەكەوە، كە لە رۆژی شەممەی رابردووە ژمارەیەك ناوچەی وڵاتەكەی گرتوەتەوە، 67 كەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای ناگانۆی ناوەڕاستی ژاپۆن بڵاوكراونەتەوە بۆئەوەی لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی گەڕان و رزگاركردندا، یارمەتی پێشكەش بكەن.
هەر بەهۆی زریانەكەوە، تەزووی كارەبا لە سەدان هەزار ماڵ پچڕاوە و زۆربەی گەشتە ئاسمانییەكان و گەشتەكانیش بە شەمەندۆفێر لە تۆكیۆ و دەوروبەری هەڵوەشێندرانەوە.
حكومەتی ژاپۆن، 110 هەزار كارمەندی فریاكەوتن و 31 هەزار سەربازی خستوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ فریاكەوتنی ناوچە زیانلێكەوتوەكان.
ئاماژە بەوە دەكرێت، هاگیبیس توندترین زریانە، كە بەدرێژایی 60 ساڵی رابردو ژاپۆنی گرتبێتەوە.
هاوكات شارەزایانی كەشناسیی ژاپۆن پێشبینیان كردوە، ئەگەری هەیە بەهۆی زریانەكەوەو، باران بارینی زیاتر ناوچەكانی ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی وڵاتەكەیان بگرێتەوە، هەروەها لافاو و رۆچونی زەوی لە ناوچەكاندا روبدەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group