ئەندامێكی دەفتەری سیاسی حدك باس لە هەوڵەكانی ئێران دەكات بۆ هێرشكردنە سەر كورد

15/10/2019

نەوا-كاروان مەحمود 
ئەندامێكی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان باس لە هەوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات بۆ هێرشكردنە سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و ئەوەش دەڵێت: "بەپێی پیلانێك كە پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە وڵاتان هێرش بۆ سەر پارچەكانی كوردستان ئەنجامدەدەن".
سەبارەت بەوە مەترسییەی باسدەكرێت هاوشێوەی توركیا، كۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازی رووبەڕوو بوونەوەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتە، عومەر باڵەكی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان بە رادیۆ نەوای راگەیاند، لە راستدا هیچ شتێك بەدوور نازانین لە كۆماری ئیسلامی ئێران چونكە لەو هێرشانەی بۆ سەر رۆژئاوا كراوە ئێران كاریگەری هەبووەو زانیاری هەبووە، چونكە بەپێی نەخشەو بەپێی پیلانێكی پێشتر كە داڕیژراوە هەر وڵاتەو بۆ بەرژوەندی خۆی هێرش دەكاتە سەر پارچەیەكی كوردستان.
باڵەكی باسی لەوەشكرد، لەبارەی ئەوەی كە كۆماری ئیسلامی ئێران بەنیازی هێرشكردنە بۆ سەر حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە بەڵام ئایا دەتوانێت ئەو هێرشە بكات، ئەو گومانەش ئەوەی وەك دەبینین وڵاتانی جیهان دژی توركیا قسەدەكەن لە رێگەی راگەیاندن و دیبلۆماسییەوە، بەڵام ئەو كاری خۆی دەكات، ئێرانیش لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەكو ئێستاش سیاسەتەكانی دژی كوردو بەرژوەندیەكانی كوردبووەو نەك لە رۆژهەڵات مافی كوردی نەداوە بەڵكو دژی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش كاردەكات.
ئەندامەكەی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان ئەوەش وت: "هیچ بەدووری نازانین كۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەركات بیەوێت هێرش و پەلامار بۆ سەر پارچەكانی كوردستان ئەنجامبدات، بەڵام ئەوە دەكەوێتەسەر بەرژوەندی خۆی و ئەو چوارچێوەیەی تێیدایە". 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group