شاندێكی هەرێم بەم نزیكانە دەچێتە بەغدا

18/10/2019

نەوا
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەم زووانە شاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و ئامانج لەو سەردانەش گەیشتنە بە ڕێكەوتنێكی ستراتیژی سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا.
ئیدریس شەعبان، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”سەردانی شاندەكەی هەرێم بۆ بەغدا چەند جارێك بەهۆی سەرقاڵبوونی حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا بە خۆپیشاندانەكان و بەدەنگەوەچوونی داواكاریی خۆپیشاندەران دواخرا، تا ئەو كاتەی ڕەوشەكە لە بەغدا سەقامگیر دەبێت، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان بەرهەمداربێت”.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی”شاندەكەی هەرێم لە كۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی بەغدا دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەكان لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ و لیژنە هاوبەشەكان بۆ گەیشتن بە بەرەنجامی كۆتایی لەبارەی ڕێكەوتنێكی ستراتیژی سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا، بەردەوامن”.
لەم ماوەیەی دواییدا خۆپیشاندانی فراوان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراق سازكرا، خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكاندا داوای باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بنبڕكردنی گەندەڵی و دۆزینەوەی هەلی كاریان كرد، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، زیاتر لە 100 كەس كوژران و هەزاران كەسی تر برینداربوون.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group