هەسەدە: هێزەكانمان لە سەرێكانی كشاونەتەوە

20/10/2019

نەوا
وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، سەرجەم هێزەكانیان لە سەرێكانی كشاندۆتەوە.
كینۆ گابریێل وتەبێژی هەسەدە، ئاماژەی بەوەكرد، لە چوارچێوە رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئەوان و توركیا كە بە نێوەندگیری ئەمریكا ئەنجامدراوە، هێزەكانیان لە سەرێكانی كشاندۆتەوە.
وتیشی: هیچ شەڕڤانێكی هەسەدە لە سەرێكانی نەماوە.
رۆژی 17 ی ئۆكۆتبەر مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ توركیا لەسەر راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست لە باكوری سوریا رێككەوتوون و پێویستە لە ماوەی 5 رۆژدا شەڕڤانانی هەسەدە لەو ناوچانە بكشێنەوە.
سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست هێزەكانی توركیا و ملیشیا هاوپەیمانەكانی بەردەوام بوون لە هێرشەكانی و بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لانی كەم 17 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی ئەو هێرشانەوە لە سەرێكانی ژیانیان لەدەستدابوو.
توركیا و ملیشیا سوریەكانی هاوپەیمانی لە رۆژی 9 ی ئۆكتۆبەرەوە هێرشێكی بەربڵاویان بۆ سەر باكوری سوریا دەستپێكرد، كە بە هۆیەوە نزیكەی 300 هەزار كەس ئاوارەبوون و زیاتر لە 200 هاوڵاتی مەدەنی و 200 شەڕڤانی هەسەدەش ژیانیان لەدەستدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group